ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دۆخی سنوورەکان تاوتوێ دەکات
پەرلەمان و فەرماندە ئەمنییەکانی عێراق لەبارەی سنووری سووریاوە کۆدەبنەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سنوورەکانی عێراق-سووریا و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە کۆببێتەوە.
بەپێی کارنامەی پەرلەمان، لە دانیشتنەکەدا میوانداریی هەریەک لە وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ، لەگەڵ سوپاسالاری عێراق دەکرێت.
بڕیارە بەرپرسە باڵا ئەمنییەکان روونکردنەوەی پێویست لەبارەی رەوشی ئەمنی و ئامادەباشیی هێزەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەکی ئەگەری پێشکەش بکەن.
کۆبوونەوەی پەرلەمان هاوکاتە لەگەڵ ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنیی سووریا. لە ماوەی رابردوودا بەهۆی پێکدادانی پچڕ پچڕ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای سووریا، سەدان چەکداری داعش لە زیندانەکانی حەسەکە، دێرەزوور و رەققە هەڵاتوون. ئەمەش نیگەرانیی جددیی لە عێراق دروستکردووە.
وەک هەنگاوێکی پێشوەختە، حکوومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا، دەستی بە گواستنەوەی هەزاران زیندانیی گوماناوی داعش لە سووریاوە بۆ ناوخۆی وڵات کردووە. لە قۆناغی یەکەمدا 150 زیندانی گواستراونەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت ژمارەکە بۆ 7,000 کەس بەرزببێتەوە. بەرپرسانی عێراق ئەم هەنگاوەیان وەک "رێکارێکی پێشوەختە" بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ناوبردووە.
بەرپرسانی باڵای عێراق، لەنێویاندا سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی، وەزیری بەرگری سابت عەباسی و سوپاسالار عەبدولئەمیر یارەڵا، لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی سنوورەکانیان کردووە بۆ بەدواداچوونی رەوشەکە. وەزارەتی بەرگریی عێراق دڵنیایی داوە سنوورەکان بەتەواوی پارێزراون و هێزەکان خاوەنی "توانای بەرز و پلانی گونجاون بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئاڵنگارییەک".
بۆ توندکردنی زیاتری سنوورەکان، عێراق پشت بە سێ هێڵی بەرگری دەبەستێت: هێڵی یەکەم لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە بەڕێوەدەبرێت، هێڵی دووەم لەلایەن سوپاوە، و هێڵی سێیەمیش لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە کۆنترۆڵکراوە. جگە لەوەش، تەکنیکی پێشکەوتوو وەک کامێرای گەرمی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و دیواری کۆنکرێتی بەکاردەهێنرێن.
هاوکات، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، چەند جارێک داوای توندکردنی سنوورەکانی کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە نابێت رێگە بە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵی 2014 بدرێت. سەدر داواشی لە دەسەڵاتدارانی سووریا کردووە ئەو زیندانییە عێراقیانەی داعش رادەستی حکوومەتی بەغدا بکەنەوە.