ئێران: ئەمریکا بە کۆپیکردنی درۆنی "شاهید" هێرش دەکاتە سەر ناوچەکە

گوتەبێژی فەرمیی "ناوەندی خاتەمولئەنبیا"ی ئێران، سوپای ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی لاسایی درۆنی ئێرانی جۆری "شاهید"یان کردووەتەوە و بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە بەکاری دەهێنن، بە ئامانجی تێوەگلانی تاران و دروستکردنی دووبەرەکی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسە سەربازییەکەی ئێران، سوپای ئەمریکا دوای "شکستە سەربازی و سیاسییەکانی"، پەنای بۆ فێڵ بردووە و درۆنی "شاهێد 136"ی ئێرانی کۆپی کردووە و ناوی ناوە "لوکاس".

ئەمە لە کاتێکدایە سوپای ئەمریکا نزیکەی نۆ مانگ لەمەوبەر رایگەیاندبوو؛ پەرەی بە درۆنێکی هێرشبەری خۆکوژ داوە بە ناوی "لوکاس"، تەکنەلۆژیاکەی لە درۆنی شاهیدی ئێرانییەوە وەرگیراوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمریکا لە 3ـی ئاداری ئەمساڵدا بۆ یەکەمجار ئەم درۆنەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "داستانی تووڕەیی" (Epic Fury) دژی ئێران بەکارهێناوە.

ناوەندی خاتەمولئەنبیا جەختی کردەوە، کۆماری ئیسلامی بە فەرمی بەرپرسیارێتی هەر هێرشێک رادەگەیەنێت؛ ئەنجامی بدات و ئامانجەکانیشی تەنیا "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلن". گوتەبێژەکە گوتی: "ئەو هێرشانەی لە رۆژانی رابردوودا کراونەتە سەر وڵاتانی دۆست و دراوسێ، هەوڵێکی شکستخواردووە بۆ تۆمەتبارکردنی هێزە چەکدارەکانی ئێران."

سەبارەت بە گرژییەکانی ئەم دواییە، ئێران هێرشکردنە سەر تورکیای رەتکردەوە، سەرەڕای ئەوەی ناتۆ و وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایانگەیاندبوو؛ موشەکێکی بالیستییان تێکشکاندووە لە خاکی ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوو. تاران جەختی کردەوە "هیچ موشەکێکمان ئاڕاستەی وڵاتی دۆست و دراوسێ، تورکیا نەکردووە."

هاوکات، تاران هێرشکردنە سەر بەندەری "سەڵاڵە" لە سوڵتاننشینی عومانیشی رەتکردەوە و ئەو هێرشەی بە کارێکی زۆر گوماناوی وەسف کرد، راشیگەیاند؛ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکەن.

لە 28ی شوباتەوە، وڵاتانی کەنداو رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی موشەکی و درۆن بوونەتەوە. ئێران دەڵێت؛ تەنیا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکاتە ئامانجی وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵام ئەم هێرشانە زیانیان بە ژێرخانی مەدەنی گەیاندووە، لەوانە فڕۆکەخانە، بەندەر و باڵەخانەی نیشتەجێبوون. وڵاتانی کەنداویش بە توندی ئەو هێرشانەیان شەرمەزار کردووە و جەختیان لە مافی خۆیان بۆ وەڵامدانەوە کردووەتەوە.