سەمیر هەورامی: گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا کۆتاییان نەهاتووە و بەردەوامن

"دوو ئەندامی شاندەکە گەڕاونەتەوە هەولێر و ئەم ئێوارەیەش دەچنەوە بەغدا"

زیاتر لە ھەفتەیەکە شاندێکی باڵای حکومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، لە بەغدان
زیاتر لە ھەفتەیەکە شاندێکی باڵای حکومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، لە بەغدان

K24 - هەولێر

گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ رایگەیاند شاندەکەی هەرێمی کوردستان هێشتا لە بەغدان و گفتوگۆ تەواو نەبووە و بەردەوامن.

سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی بە کوردستان24ـی راگەیاند "دوو ئە‌ندامی شاندی باڵای دانوستاندنی حكومە‌تی ھە‌رێم لە ‌بە‌غداوە‌ گە‌ڕاونە‌تە‌وە‌ بۆ ھە‌ولێر بە‌مە‌بە‌ستی راییكردنی ھە‌ندێك لە ‌كاروباری ئیداری گشتیی وەزارەتەکانیان، بڕیاریشە‌ ئێوارە‌ی ئە‌مڕۆ پاش جێبە‌جێكردنی كارە‌كانیان، بگە‌ڕێنە‌وە‌ بۆ بە‌غدا".

جەختیشی کردەوە لەوەی "گفتوگۆكانی ھە‌رێم و بە‌غدا كۆتاییان نە‌ھاتووە و بە‌ردە‌وامن".

زیاتر لە ھەفتەیەکە شاندێکی باڵای حکومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، لە بەغدان بە مەبەستی چارەسەکردنی کێشە داراییەکان و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندێکی دانوستکاری حکومەتی عێراق و سەرکردەی چەند لایەنێکی شیعە کردووە.

شاندەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە تەواوی کۆبوونەوەکانیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە، پابەندی بڕگەکانی ئەو ماددەیە دەبن، کە تایبەتە بە پشکی ھەرێم لە یاسای قەرز و پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجەی 2020 بەو مەرجەی حکومەتی عێراقیش پابەندی ناردنی پشکی ھەرێم و مووچەی فەرمانبەران بێت.

لە دوا کۆبوونەوەکاندا شاندی دانوستانکاری حکومەتی عێراق بەپێی یاسای قەرزکر پێداگیریان لەوە کردووە؛ ھەرێمی کوردستان 460 ھەزار بەرمیلی نەوت رۆژانە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات لەگەڵ تەواوی داھاتە نانەوتییەکان، ئەمەش لە بەرامبەر بڕە پارەیەک، کە بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ناکات.

شاندەکەی حکومەتی ھەرێمیش لە وەڵامدا گوتوویانە بەھۆی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان، دەتوانن 250 ھەزار بەرمیل نەوت رادەست بکەن، لەگەڵ 50٪ـی داھاتە نانەوتییەکان بەپێی ماددەی 14ـی دەستووری عێراقی، بۆیە گفتوگۆکان ھێشتا بەردەوامن و رێکنەکەوتوون.

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment