رولا ئەمین بۆ کوردستان24: ئەوانەی لە کۆبانێ گیریان خواردووە زۆربەیان ئاوارەن
"پێویستە ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بکرێتەوە"
بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون ڕۆژئاوای کوردستانی گرتووەتەوە و زیاتر لە 140 هەزار کەس ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە؛ بەرپرسێکی باڵای ڕێکخراوەکەش داوا لە وڵاتانی خاوەن هەژموون دەکات بۆ ڕاگرتنی شەڕ دەستوەردان بکەن.
یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، رولا ئهمین، گوتهبێژی نووسینگهی ههرێمیی كۆمیسیاری باڵای نهتهوهیهكگرتووهكان بۆ كاروباری پهنابهران له رۆژههڵاتی ناوهڕاست و باكووری ئهفریقا، لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24ـدا، وێڕای خستنەڕووی دۆخی سەختی مرۆیی لە شاری کۆبانێ، ڕایگەیاند: کە هەوڵەکانیان بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان چڕ کردووەتەوە و لەگەڵ تەواوی لایەنەکان لە گفتوگۆدان.
گوتهبێژی نووسینگهی ههرێمیی كۆمیسیاری باڵای نهتهوهیهكگرتووهكان بۆ كاروباری پهنابهران له رۆژههڵاتی ناوهڕاست و باكووری ئهفریقا ئاماژەی بەوە دا، "دۆخی مرۆیی لە کۆبانێ لەوپەڕی سەختیدایە و کۆسپ و تەگەرەی زۆر لەبەردەم ژیانی دانیشتووانەکەیدا هەیە؛ ئێستا شارەکە بێبەشە لە کارەبا، ئینتەرنێت، خۆراک و ئاوی پاک، ئەمەش لە کاتێکدایە خەڵکەکە پێویستییەکی زۆریان بەم سەرەتاییترین مافانە هەیە."
رولا ئەمین دەڵێت: کە بەشێکی زۆر لەوانەی ئێستا لە کۆبانێ گیریان خواردووە، دانیشتووی ڕەسەنی شارەکە نین، بەڵکو ئاوارەی ناوچەکانی دیکەن و پێشتر پەنایان بۆ کۆبانێ هێناوە، "ئێستا ژیانیان لە مەترسییەکی گەورەدایە و پێویستیان بە بەهاناوەچوونی بەپەلە هەیە."
سەبارەت بە میکانیزمی گەیاندنی هاوکارییەکان، گوتەبێژەکەی UNHCR گوتی: "ئێمە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ تەواوی لایەنەکان، تەنانەت حکوومەتی سووریاش لەسەر هێڵین و گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بکەینەوە."
ناوبراو ئاشکراشی کرد: "سەرەتا لەو بڕوایەدا نەبووین بتوانین کاروانی هاوکاری بگەیەنینە ناو کۆبانێ، بەڵام خۆشبەختانە ئەمڕۆ کاروانەکە گەیشت، ئەمەش ئاماژەیەکی ئەرێنییە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا کاروانی دیکەش بەڕێ دەکەین."
رولا ئەمین لەبارەی دۆخی گشتیی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕوونی کردەوە، دۆخەکە زۆر دژوارە؛ زیاتر لە 140 هەزار ئاوارەی نوێ لە ناوچەکەدا هەن کە بەشێکیان ڕوویان لە حەسەکە و قامشلۆ کردووە و بە دوای ئارامیدا دەگەڕێن.
هاوکات گوتیشی: "دۆخی کەمپەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خراپە و ترس و دڵەڕاوکێ باڵی بەسەردا کێشاون، بە تایبەت منداڵان کە بە ئەزموونێکی دەروونیی زۆر خراپدا تێدەپەڕن".
رولا ئەمین داوای لە وڵاتانی کاریگەر و خاوەن هەژموون لە سووریا کرد کە ڕۆڵیان هەبێت لە ڕاگرتنی شەڕ و پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی.
ناوبراو دەشڵێت: "پێویستە هاووڵاتییانی مەدەنی لە ململانێ سەربازییەکان دووربخیرێنەوە و ڕێڕەوی ئارام بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان دابین بکرێت، چونکە گەلی سووریا ماندوو بووە و پێویستیی بە ئاشتی و سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە هەیە."