ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوامە

(وێنە؛ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان)
(وێنە؛ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان)

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند؛ زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، بەگوێرەی سەرچاوە مەیدانییەکان و میدیا ناوخۆییەکان، لە یەک کاتدا 10 هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە.

سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان بەوە کردووە هێرشەکان چڕ بوونەتەوە سەر بەرزاییەکانی (جەبور و دۆڵی بەرغاز) لە شارۆچکەی حاسبیا، لەگەڵ بەرزاییەکانی (چیای ریحان). هاوکات، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەکانی دۆڵی بێکای رۆژئاوا بیستراوە کە بەهۆی لێدانە ئاسمانییەکانەوە بووە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی نێوان کەفەردوونین و خەربەت سلام لە باشووری وڵات، کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە لە مانگی نۆڤەمبەری 2024، رێککەوتنی ئاگربەست واژۆ کرا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل. بەڵام تەلئەڤیڤ بەردەوامە لە هێرشەکانی و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو بنکانە دەکاتە ئامانج کە گومان دەکرێت بۆ دروستکردنی چەک و چالاکییە ئۆپەراتیڤەکان بەکاربهێنرێن.

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن سوپای ئیسرائیل هێشتا ئامادەیی سەربازیی خۆی لە پێنج شوێنی ناو خاکی لوبنان پاراستووە، ئەمەش وای کردووە دەسەڵاتدارانی لوبنان داوای کشانەوەی دەستبەجێیان بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، لەژێر فشاری نێودەوڵەتیدا، حکوومەتی لوبنان پلانێکی بۆ چەسپاندنی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا پەسەند کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، سوپای لوبنان رایگەیاند؛ قۆناغی یەکەمی بڵاوەپێکردنی هێزەکانیان لە ناوچەی نێوان رووباری لیتانی و سنوورەکان بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە، مەبەست لێی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە و داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکانە.