بەحرەین پێشوازی لە بەڕێوەچوونی دانوستانی سێقۆڵی کۆتایی هێنانی جەنگی ئۆکرانیا لە ئەبوزەبی دەکات
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین پێشوازی لە هەوڵی ئیمارات دەکات بۆ میوانداری دانوستانی سێقۆڵی نێوان ئەمریکا و رووسیا و ئۆکرانیا لە ئەبوزەبی، بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی چوار ساڵەی رووسیا - ئۆکرانیا .
دووشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک هەڵوێستی فەرمیی شانشینی وڵاتەکەی دەربڕی و ڕایگەیاند، دانوستانەکانی ئەبوزەبی بە هەنگاوێکی ئەرێنی و بنیادنەر دەزانین لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسی و مرۆییەکان بە ئامانجی راگرتنی جەنگی ئۆکرانیا.
وەزارەتەکە پاڵپشتی و پێزانینی شانشینی بەحرەینی بۆ هەموو هەوڵەکان دووپاتکردەوە کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە جەنگی ئۆکرانیا لەڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە، ئەمەش بەشداریکردنە لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ئەوروپا و جیهان، هاوکات گەیشتنە بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و گشتگیر و خۆشگوزەرانییەکی بەردەوام لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، دانوستانە سێقۆڵییەکان لە هەینی 23ی ئەم مانگەوە لە ئەبوزەبی، دەستیان پێکردووە و بڕیارە دوو ڕۆژ بخایەنن، ئامانج لێیان دۆزینەوەی چارەسەری سیاسییە بۆ قەیرانەکە. لەلایەن خۆیەوە شێخ عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات پێشوازی لە میوانداریکردنی ئەم دانوستانە سێقۆڵییە کردووە و هیواخوازە ببێتە هەوێنێک بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییە مرۆییەکان.
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، حکوومەتی ئەڵمانیا گومانی خۆی نیشاندا لەوەی رووسیا ئامادەی سازش بێت. شتیفان مایەر، گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی؛ هێشتا پرسیارگەلێکی ریشەیی ماون، رووسیا وەڵامیان بداتەوە، لەوانە ئاشكرا نییە، ئاخۆ مۆسکۆ ئامادەیە دەستبەرداری داواکارییە زۆر و زەبەندەکانی ببێت یاخود نا.
گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە نابێت هیچ ڕێککەوتنێک تەنیا ببێتە دەرفەتێک بۆ خۆ رێکخستنەوەی رووسیا بۆ هێرشکردنەوە، بەڵکوو دەبێت ئاشتییەکی تۆکمە و هەمیشەیی بکرێت، کە گرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا دەستەبەر بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر کرێملن مەرجی کشانەوەی هێزەکانی ئۆکرانیای لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە (دۆنباس) وەک مەرجێکی پێشوەختە دیاری کردبوو، کیێڤیش بەردەوام ڕەتی کردووەتەوە.
هاوکات ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆڕبەندی داڤۆس ڕەخنەی توندی لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی گرت و ڕایگەیاند، ئەورووپا یرادەی سیاسی نییە بەرانبەر پوتن و وەک ئەوە دەردەکەوێت کە ون بووبێت لە هەوڵی ڕازیکردنی سەرۆکی ئەمەریکادا.