بڵند ئیبراهیم: لەنێو 25 منداڵدا من هەڵبژێردرام کە بەشداری لە فیلمێکی سینەمایی گەورەدا بکەم

سینەماکار، بڵند ئیبراهیم، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر یەکەم ئەزموونی خۆی لە فیلمێکی سینەماییدا و باس لە خەونی داهاتووی خۆی دەکات و دەڵێت: ئێستا تەمەنم 13 ساڵە حەزی من سینەمایە، کە گەورەش بووم حەز دەکەم هەر لەبواری سینەمادا کار بکەم و بەردەوام بم.

چۆن بوو بڕیارتدا بەشداری لە فیلمێکی سینەمایی وا گەورەدا بکەیت؟
من لە ڕێگەی حەمە ڤاینەرەوە چوومە ناو ئەو پڕۆژەیە، کە سەید کەمال، دەرهێنەری فیلمی "تیمساح"، منی بینیبوو، پێی باش بوو، ئەو ڕۆڵە بەمن بدات، لە کاتێکدا لەنێو 25 منداڵدا، کە دەرهێنەر تێستی بە هەر هەموومان کرد، بەڵام ڕۆڵ گێڕانەکەی من دەرهێنەری سەرسام کرد، بۆیە بڕیاریاندا من هەڵبژێرن بۆ بەشداریکردن لە فیلمی سینەمایی "تیمساح".

بەشداری کردنت لەو فیلمە سینەماییەدا، ، وەک منداڵێک کە یەکەم ئەزموونتە، بۆتۆ سەخت نەبوو؟
ئەزموونەکە بۆمن زۆر قورس بوو، چونکە ڕۆڵی منداڵێک دەگێڕم کە ناوم "سیروان"ە، کە بڕێک ماددەی هۆشبەر لەسەر زەوی هەڵدەگرمەوە دەیخۆم و دواتر پێی دەمرم، کاتێک منیان خستە ناو کفن، زۆر ناخۆش بوو بۆمن، بەڵام ئەوە فیلمە و ڕۆڵەکەم وابوو، ناچار بووم بەرگەی ئەو سەختییە بگرم، زۆر پێم ناخۆش بوو کە ماددەی هۆشبەر لەناو ئەو کیسەیە دابوو کە هەڵم گرتەوە، بۆ من و بۆ دەرهێنەریش ناخۆش بوو، بەڵام سیناریۆی فیلمەکە وابوو دەبوایە بەمشێوەیە بێت.

گەر پڕۆژەیەکی سینەمایی دیکە بخەنە بەردەستت و ڕۆڵت پێ بدەن، بەشداری دەکەی؟
بەدڵنیاییەوە بەشداری دەکەم، دوای ئەو فیلمە، دەرهێنەر پێمی گوت، من زۆر سەرسامی ڕۆڵ گێڕانەکەتم، هەر پڕۆژەیەکی هونەری نوێم هەبێت، ڕۆڵت پێ دەدەم، هەر دەرهێنەرێکی تریش، حەز بکات و منی بەدڵ بێت، زۆر حەز دەکەم بەشداری بکەم، منیش ئەوەی لەتوانام دابێت پێشکەشی دەکەم، ئەگەر رۆڵەکە هەر چەند سەختیش بێت، من ئامادەم ڕووبەڕووی ئەو سەختییە ببمەوە.

کە گەورە بوویت، هەر بەردەوام دەبیت لەسەر کاری هونەری؟
بەڵێ هەر بەردەوام دەبم، من تەمەنم 13 ساڵە، نازانم لە داهاتوو بیرکردنەوەم چۆن دەبێت، من بەهۆی بەشداریکردنم لەو فیلمە سینەماییەدا، لە قوتابخانە لە وانەیەک کەوتم، چونکە کاتی خوێندنم کەم بوو، بەڵام هەوڵ دەدەم لەسەر ئەو ڕێچکەیە بەردەوام بم، چونکە سینەما ئەگەر سەختیش بێت، من ئەو سەختییەم خۆش دەوێت.

لەلایەن خێزانەکەتەوە، پاڵپشتی دەکرێیت بۆ ئەوەی بەردەوام بیت لەسەر کاری هونەری لە داهاتوودا؟
دایک و باوکم زۆر پاڵپشتی من دەکەن، نەک لە ڕووی هونەرییەوە، بەڵکو لەڕووی هەموو شتێکەوە هەردەم پشتگیریم دەکەن، باوکم خۆی منی دەبرد بۆ شوێنی وێنەگرتنی فیلمەکە، هەمیشە ئامۆژگاری دەکردم کە نەترسم، بەجوانی ڕۆڵی خۆم بگێڕم، بۆیە من لێرەوە زۆر سوپاسی دایک و باوکم دەکەم و زۆرم خۆش دەوێن.

کە بۆ یەکەمجار، لە سینەمادا سەیری نواندنی خۆت کرد لە فیلمەکەدا، هەستت چۆن بوو؟
هەستێکی خۆش و ناخۆشم هەبوو، هەستە خۆشەکەم ئەوەبوو کە فیلمەکەی خۆم بینی و زۆر دڵخۆش بووم، هەستە ناخۆشەکەم ئەوەبوو، کە لەلای دایک و باوکم دانیشتبووم سەیری فیلمەکەمان دەکرد، لەو دیمەنەی کە من مردم و منیان خستە ناو کفن، سەیری دایک و باوکم کرد، بە کوڵ دەگریان، ڕاستە مردنی من ڕاستی نەبوو، بەڵکو فیلم بوو، بەڵام کە دایک و باوکم بینی بەمشێوەیە دەگرین، بۆمن هەستێکی ناخۆش بوو.

وەک منداڵێکی سینەماکار، خەونی داهاتووت چییە؟
خەونی من ئەوەیە، بتوانم خوێندنەکەم بەسەرکەوتوویی تەواو بکەم، دواتر حەز و خولیاکانم بەدیبهێنم، لە ئێستەدا کە تەمەنم 13 ساڵە حەزی من سینەمایە، کە گەورەش بووم حەز دەکەم هەر لەبواری سینەمادا کار بکەم و بەردەوام بم.

سینەماکار، بڵند ئیبراهیم، تەمەنی 13 ساڵە و خەڵکی شاری هەولێرە، یەکەم ئەزموونی خۆی وەک نواندن تاقیکردەوە لە فیلمێکی سینەمایی گەورە بەناوی "تیمساح".