دانە غاز و نەوتی هیلال ڕێککەوتنامەیەکی درێژخایەنی فرۆشتنی غاز واژۆ دەکەن
کۆمپانیای دانە غاز و کۆمپانیای نەوتی هیلال، وەک هاوبەشانی سەرەکی لە هاوپەیمانیی (پێڕڵ بترۆلیۆم)، واژۆکردنی زنجیرەیەک ڕێککەوتنامەی ستراتیژی و درێژخایەنیان بۆ فرۆشتنی غازی سروشتی ڕاگەیاند.
بەپێی ئەم ڕێککەوتنانە، بڕێکی زۆر لە غازی سروشتیی کێڵگەی چەمچەماڵ بۆ بەکارھێنەرە سەرەکییەکانی کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ لە گەشەپێدانی ژێرخانی وزە و پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دەبینرێت.
بەپێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنامەکە، ڕۆژانە 142 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی (مقمق) غازی سروشتی بۆ ماوەی 10 ساڵ بە کۆمپانیاکانی چیمەنتۆ و ئاسن دەفرۆشرێت.
پڕۆسەی دابینکردنی غازەکە لە نیوەی دووەمی ساڵی 2027دا دەست پێ دەکات، کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی چەمچەماڵ.
بۆ ئەم مەبەستە، پلانی دروستکردنی هێڵی نوێی بۆری غاز لەلایەن کەرتی تایبەتەوە داڕێژراوە، لەوانە هێڵێکی تایبەت بە درێژی 40 کیلۆمەتر کە کێڵگەی چەمچەماڵ ڕاستەوخۆ بە ناوچەی پیشەسازیی بازیان دەبەستێتەوە.
ئەم ڕێککەوتنامە پیشەسازییە گەورانە لەگەڵ کارگەکانی چیمەنتۆی ماس، بازیان، دەڵتا، گاسین و سلێمانی لە ناوچەی بازیانی پارێزگای سلێمانی، هەروەها لەگەڵ کۆمپانیای ڤان ستیڵ لە پارێزگای هەولێر واژۆ کراون. هاوبەشانی پێڕڵ بترۆلیۆم لە ئێستاوە بڕی 160 ملیۆن دۆلاریان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی چەمچەماڵ تەرخان کردووە، کە هەڵکەندنی 3 بیری نوێ و دامەزراندنی وێستگەی تاقیکردنەوە و ژێرخانی پشتگیری لەخۆ دەگرێت، تاوەکو کێڵگەکە بۆ قۆناغی بەرهەمهێنانی تەواوەتی ئامادە بکرێت.
مەجید حەمید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نەوتی هیلال و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دانە غاز، ئاماژەی بەوە کرد: ئەم ڕێککەوتنانە هەنگاوێکی گرنگن بۆ دابینکردنی غازی سروشتیی پاک بۆ کەرتی پیشەسازی و جێگرتنەوەی سووتەمەنییە قورسەکان کە تێچوویان بەرزە و زیانی ژینگەییان هەیە.
هەروەها ڕیچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دانە غاز، جەختی کردەوە، دابینکردنی غاز بە تێچوویەکی کەم، جگە لە سوودە ژینگەییەکان، دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ و گەشەپێدانی ئابووریی درێژخایەن لە ناوچەکەدا.
ئەم دەستکەوتە نوێیە دوای ئەوە دێت کە دانە غاز و نەوتی هیلال لە تشرینی یەکەمی 2025دا پڕۆژەی فراوانکردنی (کۆرمۆر 250)یان بە سەرکەوتوویی تەواو کرد، کە توانای بەرهەمهێنانی غازی وێستگەکەی بە ڕێژەی 50% زیاد کرد و گەیاندیانە 750 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، وێستگەی کۆرمۆر ئێستا سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستانە، تا ئێستا کۆی وەبەرهێنانەکانی هاوپەیمانیی پێڕڵ بترۆلیۆم لە هەرێمی کوردستان 3.5 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و بووەتە هۆی ڕەخساندنی زیاتر لە 20 هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کە چاوەڕوان دەکرێت بە دەستپێکردنی پڕۆژەکانی کێڵگەی چەمچەماڵ، ئەم کاریگەرییە ئابوورییە زۆر زیاتر بێت.