بێدەنگیی سەرۆکی شارەوانیی ئەنتوێرپن کوردەکانی بەلجیکا تووڕە دەکات

دیمەنێکی خۆپیشاندانەکەی کوردانی بەلجیکا لە شاری ئەنتوێرپن
دیمەنێکی خۆپیشاندانەکەی کوردانی بەلجیکا لە شاری ئەنتوێرپن

شەممە،24ـی کانوونی دووەم، دوو ڕۆژ دوای ئەو هێرشەی بە چەقۆ کرایە سەر خۆپیشاندەرانی کورد و بووە هۆی برینداربوونی شەش کەس، خۆپیشاندانێکی پشتیوانیی کوردان، لە شاری ئەنتوێرپن بەڕێوەچوو. 

رۆژنامەی 'ستاندارد'ی بەلجیکی لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی "داواکاری گشتیی شاری ئەنتوێرپن، رۆژی شەممە دوو کەسی بە گومانی هەوڵی کوشتن دەستگیر کرد، ئەمەش بەهۆی ئەو هێرشەوە بوو کە رۆژی هەینیی رابردوو بە چەقۆ کرایە سەر خۆپیشاندەرانی کورد و لەئەنجامدا شەش خۆپیشاندەر بریندار بوون، بەڵام داواکاری گشتیی ئەنتوێرپن پاڵنەری تیرۆریستی بۆ ئەو هێرشە پشتڕاست ناکاتەوە." 

بە گوێرەی قسەی داواکاری گشتیی شاری ئەنتوێرپن، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی دوو گومانلێکراوەکەی هێرشەکە، بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر بکرێن. ئەو دوو کەسە کە تەمەنیان 18 و 33 ساڵە، تەنیا لەسەر گومانی هەوڵدان بۆ کوشتن، لە زیندان دەمێننەوە. داواکاری گشتی، بەهۆی نهێنیی لێکۆڵینەوەکانەوە، نەیویست وردەکاریی زیاتر دەربارەی پاڵنەری پشت هێرشەکە ئاشکرا بکات.

ئەو دوو کەسە، ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو، لەگەڵ دوو کەسی دیکە لەلایەن پۆلیسی ئەنتوێرپنەوە دەستگیر کران. لە کاتی گردبوونەوەیەکی کۆمەڵگەی کوردی، ئەوانە بە چەقۆ هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و شەش کەسیان  بریندار کرد، کە دوو کەسیان بۆ ماوەیەک مەترسی لەسەر ژیانیان هەبوو. یەکێک لە دەستگیرکراوەکان دەستبەجێ ئازاد کرا و یەکێکی دیکەیان ڕۆژی دواتر، بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە ئازاد کرا!

ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکە، ئامادەبووان باسیان لە پاڵنەری تیرۆریستی دەکرد. گوایە یەکێک لە هێرشبەرەکان ئاڵایەکی سووریای پێ بووە. ئێستا لە باکووری سووریا شەڕڤانانی کورد لە شەڕێکی سەختدان لەگەڵ سوپای عەرەبیی سووریا، سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستێکی کاتیی بۆ ماوەی مانگێک درێژ کراوەتەوە.

شەممەی رابردوو، زیاتر لە هەزار خۆپیشاندەر لە شاری ئەنتوێرپن هاتنە سەر شەقام بۆ پشتیوانیی کۆمەڵگەی کوردی لە ناوخۆ و دەرەوە. رێکخەران خۆیان ئاسایشی زیاتریان دابین کردبوو؛ خۆپیشاندەران لەلایەن زیاتر لە 50 خۆبەخشی وریاوە بە هێلەکی زەردەوە بەڕێوە دەبران. سەرەڕای ئەوەش، دەیان پۆلیس ئامادە بوون بۆ چاودێریی دۆخەکە. پۆلیس نەیویست ژمارەی وردی هێزەکانیان ئاشکرا بکات، بەڵام ئامادەییان هەستی پێ دەکرا.

چەندان بەشداری خۆپیشاندانەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە هەست دەکەن لەلایەن سەرۆکی شارەوانییەکەیانەوە پشتگوێ خراون. مەزڵوم کڵچ، یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، گوتی: سەیرە! کە تا ئەمڕۆ هیچمان لە شارەوانییەوە نەبیستووە. ئەگەر هێرشێکی وا لە خۆپیشاندانێکی کۆمەڵگەی جوو، یان ئۆکرانی رووی دابایە، بێگومان ئەوان لەوێ ئامادە دەبوون. ئایا شارەوانی ئێمەی کورد بە کەم دەزانێت؟ لە ئەنتوێرپن زیاتر لە 10 هەزار کورد دەژین.

پەیامەکە گەیشتووە، ئێلس ڤان دۆسبێرگ، سەرۆکی شارەوانیی ئەنتوێرپن، بڕیاری داوە هەفتەی داهاتوو، لە نووسینگەی خۆی، پێشوازیی لە نوێنەرانی کۆمەڵگەی کوردی بکات.