شاخەوان عەبدوڵڵا: تا ئێستا پارتی و یەکێتی هیچ رێککەوتنێکیان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نەکردووە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە حزبەکەی داوای دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی کردبێت و ئاشکرای دەکات، کە یەکێتی بۆ مەبەستی رێککەوتن ئەو داوایەی کردووە، هاوکات لەگەڵ دووپاتکردنەوەی خواستی حزبەکەی بۆ پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان، هەڵوێستی فەرمیی فراکسیۆنەکەشی لەبارەی دەنگدان بە نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رادەگەیەنێت.

سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فرکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانی سەرۆکی پەرلەمان پەیوەندی کرد کە داوایەکیان لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بەدەست گەیشتووە بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان. 

گوتیشی: ئەوە ڕاست نییە کە لە میدیاکان بڵاوبووەتەوە کە پارتی داوای دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی  پەرلەمانی کردبێت. ئاماژەی بەوەشکرد، دوای چەند کاتژمێرێک دوای قسەکەی سەرۆکی پەرلەمان ئێمە نووسراوێکمان کرد، لەبەر ئەوەی ئەوان بۆچوونیان وایە کە دەرفەتێک بۆ رێککەوتن هەبێت، ئێمەش لەسەر ئەوبنەمایە نووسراوەکەمان کرد.

سەرۆکی فرکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە وەک پارتی لەگەڵ ئەوەین دانیشتنەکە لە کاتی دەستووری خۆیدا بکرێت، چونکە دەرفەتێکی زۆر هەبووە بۆ رێککەوتن، ئێستاش ئەگەر ئامانجەکە بۆ رێککەوتنە با کۆبوونەوەکە بۆ پێنج یان 10 رۆژی دیکە بێت، بۆ ئەوەی کورد یەکهەڵوێست بێت، بەڵام ئەگەر ئامانجەکە شتێکی دیکە بێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەین کاتی دەستووری پێشێل نەکرێت.

لەبارەی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، گوتی: هەر رێککەوتنێک بکرێت، کاریگەریی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش دەبێت، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێک نییە و پارتی و یەکێتی کاندیدی خۆیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: نووری مالیکی کاندیدی زۆرینەی شیعەکانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بۆیە ڕێز لە بۆچوونی شیعەکان دەگرین کە مالیکیان پێشنیاز کردووە، ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تەواو بوو، ئێمە دەنگ بە مالیکی دەدەین.