ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا هۆشداریی لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەدەن
هەر چوار وڵاتی فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هۆشدارییان دا لە مەترسیی دروستبوونی بۆشایی ئەمنیی لە سووریا. رایانگەیاند؛ پێویستە ڕێگری بکرێت لەوەی ڕێکخراوی داعش ئەو دۆخە بۆ چالاککردنەوەی شانە نوستووەکانی بقۆزێتەوە.
لە بەیاننامەکەدا کە بڵاوکراوەتەوە و واژۆی وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و بەریتانیا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و نێردەی تایبەتی ئەمریکای لەسەرە، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە "دوورکەوتنەوە لە هەر بۆشایییەکی ئەمنیی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و دەوروبەری کە ئەندامانی داعشیان تێدایە، پرسێکی زۆر گرنگ و چارەنووسسازە."
چوار وڵاتە زلهێزەکە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی "هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش" ئەنجام بدەن. ئامانجی کۆبوونەوەکە دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئەو نیگەرانییە پەرەسەندووانەی پەیوەستن بە ئاسایشی زیندان و کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە هەزاران چەکداری داعش و خێزانەکانیانی تێدا ڕاگیراون.
بەرپرسانی ڕۆژئاوا داوایان لە سوپای سووریا و شەڕڤانانی کورد کردووە بە زووترین کات ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی هەمیشەیی واژۆ بکەن و دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە. ئەوان پێیان وایە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی "یەکخستنەوەی ئاشتیانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری ڕێز لە مافی هەموو پێکهاتەکان بگرێت."
ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدایە دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای سووریا بۆ سەر ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون، نادڵنیایی لەبارەی چارەنووسی زیندانیانی داعش دروستبووە. لەو چوارچێوەیەدا، سوپای ئەمریکا دەستیکردووە بە گواستنەوەی نزیکەی 7 هەزار دەستگیرکراوی داعش، لەنێویاندا چەکدارە ئەوروپییەکان، بۆ خاکی عێراق، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی هەڵهاتن.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا و بەهۆی چالاکبوونەوەی هەندێک لە شانەکانی داعش، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە بۆ پەکخستنی تواناکانی ئەو ڕێکخراوە و ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەیان وەک ئەوەی لە ساڵی 2014دا ڕوویدا.