لە ئەڵمانیا، شێوەکارێکی کوردی رۆژئاوا پێشانگەیەک دەکاتەوە و داهاتەکەی بە رۆژئاوا دەبەخشێت

هونەرمەندی شێوەکار، لوقمان ئەحمەد، پێشانگەیەکی شێوەکاری لەژێر ناونیشانی " کەزی ڕۆژئاوا" لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەکاتەوە و وەک خۆی دەڵێت: کردنەوەی ئەو پێشانگەیە وەکو پشتگیرییەکە بۆ کورد و داهاتەکەشی بە رۆژئاوا دەبەخشم.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2026، هونەرمەندی شێوەکار، لوقمان ئەحمەد، دەربارەی کردنەوەی پێشانگەکەی و بەخشینی داهاتەکەی بە ڕۆژئاوا، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: ژمارەی تابلۆکانم 50 تابلۆیە، نە زۆر گەورەیەیە، نە زۆریش بچووکە،  تابلۆکان لەنێوان 50 تا 70 سانتیمدایە، هەوڵ دەدەم تابلۆی زۆر گەورەش نمایش بکەم، تا پارەیەکی باش بکات، زۆربەی تابلۆکانیشم ئۆڕجیناڵن، بەشێکی کەمی بە پرێنت چاپمان کردووە کە نرخەکەشی هەرزانە، بۆ ئەوەی هەموو کەس بتوانێت بیکڕێت.

لوقمان ئەحمەد گوتیشی: لەو پێشانگەیەدا ئێش و ئازارەکانی کوردانی ڕۆژئاوا نیشان دەدەم، تابلۆکانم باس لەو ئازارە دەکات کە ئێستە ڕووبەڕووی کوردانی ڕۆژئاوا بۆتەوە، تابلۆکانم وەکو بەڵگەیەک پیشان دەدەم کە کورد لە ئێستەدا لە چ باروودۆخێک دایە، کەزی دەبڕن، ئەوەتا بینیمان ئافرەتانی کورد هەزاران کەزیان هۆنییەوە، لە زێدی خۆمان دەرمان دەکەن، دڵنیابن ناتوانن و پێتان ناکرێ، من دەمەوێ لەڕێگەی تابلۆکانمەوە ئەوە نیشان بدەم کە هیچ هێزێک ناتوانێت بەسەر ئێمەی کورددا بێت، چونکە ئێمە توانا و ئیرادەمان زۆر بەهێزە.

ئەو شێوەکارە ئاماژەی بەوەدا: داوا لە هەموو کوردێک دەکەم کە لە بەرلین دەژین، لەو پێشانگەیەم ئامادە بن و خەڵکی ئەڵمانی و خەڵکی وڵاتانی تر کە دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیان، بانگهێشتیان بکەن بۆ پێشانگەکەم، تا تابلۆکانم زۆرترین فرۆشیان هەبێت و داهاتەکەش ببەخشین خوشک و براکانمان لە رۆژئاوا، چونکە باروودۆخیان زۆر خراپە و پێویستیان بە هاوکارییە، منیش لە ڕێگەی فرۆشتنی تابلۆکانمەوە هاوکاری خوشک و براکانم لە رۆژئاوا دەکەم.

لوقمان ئەحمەد، باس لەو هونەرمەندە عەرەبانە دەکات کە دژی کورد وەستانەوە و دەڵێت: کاتێک کە ئەو شەڕەی رۆژئاوا ڕوویدا، هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی عەرەب، هێرشی کرد و دژی کورد خەباتی کرد، عەلی فەرزاد شێوەکارێکی کاریکاتێرستە، بە وێنەیەک هێرشی کردە سەر کورد، ئەوان بەهەموو هونەرمەندان ڕۆشنبیرانییانەوە بەشێوەیەکی خراپ هێرشیان کردە سەر کورد، ئێمەش وەکو هونەرمەندی کورد دەبێ لە ڕێگەی هونەرەکەمانەوە ڕووبەروویان ببینەوە و بە هونەری خۆمان خەبات دژی ئەوان بکەین، بۆیە دەڵێم هونەری ئێمە تەنیا نمایشکردنێکی جوان نییە، بەڵکو بەرخودانیشە.

ئەو شێوەکارە دڵخۆشی خۆی بە یەکگرتوویی کورد لە هەموو جیهان دەردەبڕێت و دەڵێت: ئەمڕۆ ڕۆژی هەڵوێست و بەرخودانە، زۆر دڵخۆشم کە ئێمەی کورد لە هەموو جیهان یەکگرتووین و بۆ مافی نەتەوەییمان تێدەکۆشین، دڵنیاشم ئێمەی کورد بەسەر دووژمن سەردەکەوین، چونکە ئێمە زۆر بەهێزین و هەموو جیهانمان هێناوەتە هەژان و لەهەموو دونیا ئێستە دەنگی ئێمە دەبیستن، هەر بەردەوامیش دەبین تا مافە ڕەواکانی خۆمان بەدەست دەهێنین.

هەروەها ئەو پێشانگە شێوەکارییە، بڕیارە لە 7ی شوباتی 2026، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت.