سەرکردەیەکی ئەنەکەسە: حکوومەتی سووریا داوای لێکردووین بچینە دیمەشق

سەرکردەیەکی ئەنەکەسە رایدەگەیەنێت، شاندێک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی سووریا دەچێتە دیمەشق. 

سلێمان ئۆسۆ، سەرۆکی پارتی یەکێتیی کورد لە سووریا و ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە)، بە رامان حەسۆ، نێردروای کوردستان24 بۆ رۆژئاوای کوردستان، راگەیاند: "لە نووسینگەی وەزیری دەرەوەی سووریاوە پەیوەندیمان پێوەکرا؛ سەرەتا داوایان کرد ناوی ئەندامانی شاندێکی هاوبەشی کوردییان بۆ بنێرین، دواتر گوتیان، تەنیا ناوی ئەندامانی شاندی ئەنەکەسەمان بۆ بنێرن، ئێمەش ناردمان. ئەوان دەیانەوێت سەرەتا لەگەڵ سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کۆببنەوە، دواتر شاندی هاوبەش."

لەبارەی کاتی کۆبوونەوەکە، ئۆسۆ باسی لەوە کرد، "جارێ دیار نییە کەی دەچینە دیمەشق و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆدەبینەوە، چونکە ئێستا لە رووی ئەمنییەوە ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەکە دەکرێت و هەوڵ دەدرێت بە زووترین کات رێکبخرێت."

سەرۆکی پارتی یەکێتیی کورد لە سووریا دووپاتیکردەوە، ئەوان وەک ئەنەکەسە، پابەندی بڕیارەکانی کۆنفرانسی 26ی نیسان و ئەو شاندە هاوبەشەن کە لە کۆنفرانسەکەوە دیاریکراوە. گوتیشی: "ئێمە ئامادەین لەگەڵ سەرۆکی سووریا و وەزیری دەرەوە دابنیشین، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی رەوای گەلەکەمان بدۆزینەوە."

ئۆسۆ جەختی لەسەر ئامانجەکانی ئەم هەنگاوە کردەوە و روونیکردەوە، ئامانجی سەرەکیی دیدارەکەیان، بریتییە لە راگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچە کوردییەکان و گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسیی گشتگیر. گوتیشی: "دەمانەوێت خوێنڕشتن بوەستێت و لە چوارچێوەی دەستوورێکی نوێی سوریادا، مافەکانی گەلی کورد بچەسپێنین."

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە رەخنەی لە ستراتیژی پێشوو گرت و ئاماژەی بەوەدا، "پێشخستنی بابەتی سەربازی و ئەمنی بەسەر بابەتی سیاسییدا هەڵەیەکی گەورە بوو. ئەو هەڵەیە دۆخەکەی گەیاندە ئێرە. پێویستە سەرەتا رێککەوتنی سیاسی بکرێت، دواتر باسی لایەنە ئەمنی و سەربازییەکان بکرێت."

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەم، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە سەرۆکایەتیی شاندێک چووە دیمەشق و لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوە.