روبیۆ بۆ سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا: پابەندبە ئەگەرنا چارەنووست هاوشێوەی مادورۆیە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: ئەگەر سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا پابەندی داواکارییەکانی ئەمریکا نەبێت، بە هەمان چارەنووسی چارەنووسی مادورۆ دەچێت کە لەلایەن ئەمریکاوە دەستگیرکرا و لە پۆستەکەی دورخرایەوە.
چوارشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2026، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی راگەیاندووە، دێڵسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا و جێگری پێشووی نیکۆلاس مادورۆ، بە تەواوی ئاگاداری بارودۆخی مادورۆیە و هەموو شتێک لە بارەی چارەنووس و داهاتووی سەرۆکە کۆنەکەیەوە دەزانێت.
روبیۆ ئاماژەیداوە، ئەمریکا پێیوایە بەرژەوەندییە کەسییەکانی لەگەڵ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانی هاوتەریبن، بۆیە وەکو سەرۆک ترەمپ رایگەیاندووە، هەڵە مەکەن، ئێمە ئامادەین هێز بەکاربهێنین ئەگەر رێگاکانی دیکە لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانمان شکستیان بێنن".
جەختی لەوەکردووەتەوە، ئەگەر سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەنگاو بنێت و پابەندی داواکارییەکانی ئەمریکا نەبێت، چارەنووسی هاوشێوەی چارەنووسی نیکۆڵاس مادورۆ سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی دەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانمان دەستگیرکردووە، بۆیە مادورۆ هیچ کاتێک سەرۆکێکی یاسایی ڤەنزوێلا نەبووە، بەڵکو دیکتاتۆر و بارزگانێکی ماددە هۆشبەرەکان بووە.
رۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی حەوانەوەی نیکۆلاس مادورۆ ئەنجامدا و توانیان مادورۆ و هاوژینەکەی دەستگیر بکەن.
رۆژی 5ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، مادورۆ و هاوسەرەکەی لەبەردەم دادگای فیدراڵی باشووری نیویۆرک ئامادە بوون، دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا تۆمەتی تێوەگلان لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانیان ئاراستە کردوون، بەڵام هەریەک لە مادورۆ و فلۆریسی هاوژینی ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردووەتەوە و وتویانە بێتاوانن.