حەماس: ئامادەین بەڕێوەبردنی غەززە بە لیژنەیەکی تەکنۆکرات بسپێرین

بزووتنەوەی حەماس بە فەرمی ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند بۆ گواستنەوەی تەواوەتیی دەسەڵات و حوکمڕانی لە کەرتی غەززە بۆ "لیژنەی تەکنۆکراتی فەڵەستینی"، هاوکات مەرجی کردنەوەی دەروازەی ڕەفەحی بە هەردوو ئاراستەدا بەبێ دەستوەردانی ئیسرائیل بۆ ئەو هەنگاوە دانا.

چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، حازم قاسم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (فرانس پرێس) ڕایگەیاند: کە ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ ڕادەستکردنی تەواوەتیی جومگەکانی حوکمڕانی لە کەرتی غەززە بە "لیژنەی تەکنۆکراتی فەڵەستینی"، لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح بە هەردوو ئاراستەکەدا بەبێ بوونی هیچ "لەمپەر و بەربەستێکی ئیسرائیلی".

گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، ئاماژەی بەوە دا، پرۆتۆکۆڵەکان ئامادە کراون، دۆسیەکان تەواو کراون و لیژنەکان سەرپەرشتیی پرۆسەی ڕادەستکردنەکە دەکەن، بە شێوەیەک کە لە بەردەم پرۆسەیەکی ڕادەستکردنی تەواوەتیی حوکمڕانیی کەرتی غەززەداین بۆ ئەم لیژنە نیشتمانییە.

گوتەبێژەکەی حەماس لەبارەی مەرجەکانیان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە گوتی: "پێویستە دەروازەی ڕەفەح بە هەردوو ئاراستەکەدا بە شێوەیەکی تەواوەتی بکرێتەوە و ئازادیی هاتن و ڕۆیشتن بۆ کەرتی غەززە بەبێ هیچ ڕێگرییەکی ئیسرائیلی مسۆگەر بکرێت."

ئەم پێشهاتە نوێیە لە کاتێکدایە کە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کۆتایی هاتووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل ڕووفاتی دواین بارمتەی خۆی لە کەرتەکە وەرگرتەوە. 

ئێستا چاوەکان لەسەر قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی غەززەن، کە چاوەڕوان دەکرێت بڕگە و ماددەکانی ڕێککەوتنەکە بخاتە بواری جێبەجێکردنی کردارییەوە و گۆڕانکاری لە شێوازی ئیدارەدانی کەرتەکەدا دروست بکات.