زوهران مەمدانی: بەشێکی دانیشتووانی نیویۆرک لەژێر هێڵی هەژاریدان
زوهران مەمدانی، پارێزگاری نیویۆرک، هۆشداریی لەبارەی تێکچوونی باری گوزەرانی دانیشتووانی شارەکەی دەدات و رایدەگەیەنێت، نیویۆرک رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی بووەتەوە لە دوای پاشەکشەی گەورەی ساڵانی 2008-2009 هاوشێوەی نەبووە.
مەمدانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (CNBC) ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا سەدا25ـی دانیشتووانی نیویۆرک لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. هەروا گوتی: "نیویۆرک یەکێکە لە گرانترین شارەکانی ئەمریکا، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ژمارەیەکی یەکجار زۆری دانیشتووانەکەی بەدەست هەژارییەوە گرفتارن."
پارێزگاری نیویۆرک، لە 1ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستبەکار بووە، داکۆکی لە سیاسەتەکانی ئیدارەکەی کرد بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی باج و بەهێزکردنی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان. ئامانج لەم رێوشوێنانە، سەقامگیرکردنی دۆخی دارایی شارەکەیە لە ڕێگەی چەند هەنگاوێکی کردەییەوە، لەوانە؛ دروستکردنی فرۆشگای خۆراک بە نرخێکی گونجاو و هەرزان. هەروەها جێگیرکردنی نرخی کرێی خانوو لە هەندێک ناوچەی دیاریکراودا. لەگەڵ پێشکەشکردنی هەندێک خزمەتگوزاری و چالاکی کاتبەسەربردن بەخۆڕایی.
زوهران مەمدانی، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی سۆسیالیستە دیموکراتەکان پۆستەکەی بەدەستهێنا، وەک یەکەم پارێزگاری موسڵمان لە مێژووی شارەکەدا دەناسرێت. ئەو جەختی کردەوە ئەم سیاسەتانە سوود بە هەموو کۆمەڵگە دەگەیەنێت و گوتی: "هەموو کەسێک سوودمەند دەبێت لە بوونی شارێکی بەهێز؛ ئەگەرچی رەنگە هەندێک لەم بڕیارانە راستەوخۆ کار نەکەنە سەر ژیانی هەموو تاکێک، بەڵام کاریگەرییە ئەرێنییەکانیان لەسەر کۆمەڵگەکەمان بێئەندازە دەبێت."
لێدوانانەکەی مەمدانی لە کاتێکدایە شارەکە لە قۆناغێکی هەستیاری ئابووریدایە و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان بەردەوامن.