فەرحان حەق بۆ کوردستان24: دەبێت مافی کورد و پێکهاتەکان لە سووریا پارێزراوبێت

فه‌رحان حه‌ق، جێگری گوته‌بێژی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، له‌ میانی به‌شداریکردنی لە بوڵتەنی هەواڵەکانی کوردستان24، دواین هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان خستەروو.

فەرحان حەق جەختی کردەوە نەتەوە یەکگرتووەکان فشار بۆ وەستانی شەڕ و دەستپێکردنی گفتوگۆ دەکات. رایگەیاند: "داوا لە حکوومەتی سووریا دەکەین حکوومەتێکی گشتگیر بێت و نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکات، بە کورد و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی وەک عەلەوی و درووزەکانیشەوە." ئاماژەی بەوەش کرد؛ پاراستنی مافە بنچینەییەکانی ئەو پێکهاتانە لە کارە لەپێشینەکانی ئەوانە.

سەبارەت بە دۆخی مرۆیی، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد؛ توانیویانە 24 بارهەڵگر هاوکاری کە پێکدێت لە (خۆراک، دەرمان و پێداویستی زستانە) بگەیەننە شاری کۆبانی. گوتیشی: "هەوڵ دەدەین هاوکاریی زیاتر رەوانە بکەین و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ شارەکە بگەڕێنینەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد لە رێگەی ئاژانسی پەنابەرانەوە کار دەکەن بۆ گەیاندنی هاوکاریی بۆ کەمپی هۆل، ئەوەش دوای ئەوەی حکوومەتی سووریا دوو دەروازەی لە حەلەب و حەسەکە کردووەتەوە.

فەرحان حەق، نیگەرانی خۆی لە هەندێک پێشێلکاریی ئاگربەست نیشان دا و گوتی: "هانی لایەنەکان و بەتایبەت حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەدەین پابەندی ئاگربەستە 15 رۆژییەکە بن."

ئاماژەی بەوە کرد؛ نووسینگەی سیاسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هەردوو لایەنی حکوومەتی سووریا و کورد لەسەر هێڵە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، هاوکات ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێری دۆخەکە دەکات بۆ فشارخستنە سەر هەموو لایەنەکان تاوەکو ئاگربەست بەردەوام بێت و چارەسەرێکی سیاسیی دۆزراوە بۆ قەیرانەکە بدۆزرێتەوە.