دەیان هەزار کۆچبەر بە بەڵگەنامەی ساختە ڤیزای کاریان لە بەریتانیا وەرگرتووە
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە بەدواداچوونێکدا پەردەی لەسەر تۆڕێکی گەورەی قاچاخ و ساختەکاری هەڵدایەوە، کە بەهۆیەوە دەیان هەزار کۆچبەری نایاسایی توانیویانە بە بەڵگەنامەی ساختە "ڤیزای کرێکاری لێهاتوو" وەربگرن و لە بەریتانیا بمێننەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، ژمارەیەک "بریکاری ڤیزا" وەک مافیا کار دەکەن و لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆردا کە هەندێک جار دەگاتە 13 هەزار پاوەندی بەریتانی، دۆسیەی کاری ساختە بۆ کۆچبەران دروست دەکەن، ئەم ساختەکارییانە بریتیین لە دروستکردنی سی ڤی (CV)، دەستکاریکردنی تۆماری بانکی و دروستکردنی پسوڵەی مووچەی وەهمی بۆ ئەوەی حکوومەت بڕوا بکات ئەو کەسانە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە داواکراون.
رۆژنامەکە لە بەدواداچوونەکەیدا قسەی لەگەڵ 26 لەو بریکارانە کردووە و بەڵگەی لەسەر 250 هەلی کاری وەهمی دەستکەوتووە کە تەنیا بۆ وەرگرتنی ڤیزا دروستکراون.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، بە وردی چاودێری ئەم چالاکییە نایاساییانە دەکەن و رێکاری توند دەگرنەبەر، حکوومەت ئاماژەی بەوە داوە، لە ساڵی 2025دا رێژەی رەتکردنەوەی ڤیزا بەرزبووەتەوە، بەمەش زیاتر لە 100 هەزار داواکاری کەمیکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن رەخنەی توند لە حکوومەت دەگرن، کریس فیلیپ، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی سێبەر رایگەیاند، "وەزیری ناوخۆ کۆنترۆڵی لەدەستداوە و ساختەکاران گاڵتە بە یاساکانی وڵات دەکەن".
بەپێی داتا نوێیەکان، ژمارەی داواکاری بۆ ڤیزای کرێکاری لێهاتوو لە ساڵی 2025 بە رێژەی 36% دابەزیوە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە نوێیەکانی حکوومەتی بەریتانیا، کە لە هاوینی رابردووەوە مەرجەکانی قورستر کردووە، لەوانە بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەی داواکراو بۆ 41,700 پاوەند و راگرتنی هێنانی کارمەندانی چاودێری تەندروستی لە دەرەوە.
ئەم سکانداڵە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی بەریتانیا هەوڵدەدات لە رێگەی پڕکردنەوەی بۆشاییەکان لە کەرتەکانی بیناسازی و تەندروستیدا سوود لە کۆچبەران وەربگرێت، بەڵام بازاڕی رەش و ساختەکاری بووەتە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم ئەم پرۆسەیەدا.