عەدنان بۆزان بۆ کوردستان24: پێویستە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بگەیەنرێتە کۆبانی

عەدنان بۆزان، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی (ئەنەکەسە)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24؛ هۆشداریی دا لە تێکچوونی باری مرۆیی و تەندروستیی لە شاری کۆبانی و رایگەیاند؛ شارەکە لە ژێر گەمارۆیەکی چوارلایەنەی خنکێنەردایە.

بۆزان ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی تەندروستیی منداڵان زۆر مەترسیدارە؛ بەهۆی سەرما و نەبوونی پێداویستییەکان، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، گەدە و پێست بڵاوبوونەتەوە و نیشانەکانی بەدخۆراکی لەناو منداڵاندا دەرکەوتووە. هەروەها جەختی کردەوە؛ شیری منداڵ و دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە بازاڕ و دەرمانخانەکاندا نەماون و نەشتەرگەرییەکان بەهۆی کەمی کەرەستەی پزیشکییەوە پەککەوتوون.

سەبارەت بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی (ئەنەکەسە) رایگەیاند؛ زیاتر لە 10رۆژە کارەبا و ئینتەرنێت بە تەواوی بڕاوە و شارەکە لە تاریکییەکی رەهادایە. هەروەها بەهۆی نەمانی کارەبا و سووتەمەنی، پەمپەکانی ئاو لەکارکەوتوون و نرخی تانکییەک ئاو گەیشتووەتە 125 هەزار لیرەی سووری (نزیکەی 11دۆلار). هەروەها مەترسییەکی رژد لەسەر نەمانی ئارد و نان هەیە و نرخەکان بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرزبوونەتەوە.

عەدنان بۆزان روونی کردەوە؛ کۆبانی لە چوار لایەوە گەمارۆدراوە (سنووری تورکیا، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای نیشتمانی و بەرەکانی شەڕی نێوان سوپای عەرەبی سووریا و هەسەدە)، ئەمەش وایکردووە هیچ رێڕەوێکی مرۆیی بۆ چوونەژوورەوەی خۆراک و سووتەمەنی نەمێنێت.

عەدنان بۆزان داوای لە حکوومەتی کاتی کرد رێگەی دەربازبوونی هاوکارییەکان بکاتەوە، بەتایبەت هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە رێکخراوێکی مرۆیی بێلایەنە و ئامادەیە هاوکاریی بگەیەنێتە خەڵکی لێقەوماوی کۆبانی و ئاوارەکانی دەوروبەری. دووپاتیشی کردەوە؛ ئەنجوومەنەکەیان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە روودانی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی.