گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر راگیران

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند: بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی چڕی تەمومژەوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە تا کاتی ئاساییبوونەوەی کەشوهەوا راگیران.

پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: لە پێناو سەلامەتیی گیانی گەشتیاران و بەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین بۆ ئاستێکی نزم، بڕیار درا لە کاتژمێر 9:30ـی ئەمشەوەوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان (هاتن و ڕۆیشتن) بە شێوەیەکی کاتیی ڕابگیرێن.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە ئاماژەی بەوەش داوە، کە تیمە تەکنیکییەکان و بورجی چاودێری بە وردی چاودێری دۆخی کەشوهەوا دەکەن و هەرکاتێک مەودای بینین بۆ ئاستی ستاندارد بەرزبووەوە، گەشتەکان دەست پێدەکەنەوە.

هاوکات ناوبراو داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات، پێش ئەوەی سەردانی فڕۆکەخانە بکەن، پەیوەندی بە هێڵە ئاسمانییەکانەوە بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە کاتی نوێی گەشتەکانیان.

لەگەڵ هاتنی شەپۆلی تەمومژ، بەردەوام بەرێوەبەرایەتیی هاتوچۆ، شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە، کە بەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین، بە وریاییەوە ئۆتۆمبێلەکانیان لێبخوڕن، تا دووربن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.