فیدان: دەبێت تەنیا یەک سوپا لە سووریا هەبێت
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکی نوێدا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە پێشهاتەکان ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەنقەرە بە پرەنسیپ پشتیوانی لە هەر سازانێک دەکات کە لە نێوان حکوومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکرێت، بەڵام بەو مەرجەی "هێڵە سوورەکان و نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا" لەبەرچاو بگیرێن. هاوکات جەخت لەسەر پێویستیی بوونی "یەک سوپا" لە سووریادا دەکاتەوە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزۆنیدا، تیشکی خستە سەر گفتوگۆ و لێکنزیکبوونەوەکانی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، فیدان رایگەیاند: "وەک پرەنسیپ، لایەنەکان هەرکێ بن، ئەگەر بگەنە سازانێک ئێمە وەک تورکیا پشتیوانی لێ دەکەین. چونکە تا ئەو کاتەی لەسەر بنەما دیاریکراوەکان رێکدەکەون، بەلای ئێمەوە شایانی پشتیوانییە."
ناوبراو هۆشداریشی دا و گوتی: "لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە نیگەرانی و هێڵی سووری خۆمان هەیە سەبارەت بە بەرژەوەندییەکانمان لە ئاسایشی نەتەوەیی، بەڵام کاتێک حکوومەتی دیمەشق لەگەڵ هەسەدە رێککەوتن دەکات، ئەم خاڵانە رەچاو دەکرێن.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای سووریا، فیدان ئاماژەی بەوە دا، کە ئاگربەست بەردەوامە و ئەمەش دەرفەتی بە هێزەکانی ئەمریکا داوە کە زیندانییانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بگوازنەوە.
فیدان گوتی: "ئەمە پێشهاتێکی گرنگە و پێموایە دەبێت هەمووان هاوکار بن، ئێمە وەک تورکیا لەگەڵ ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەین کارئاسانی بۆ ئەم پرۆسەیە بکەین."
سەبارەت بە شێوازی ئیدارەدانی داهاتووی سووریا، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، کە دەبێت پرسەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و یەکگرتوودا چارە بکرێن.
فیدان ئاماژەی بەوە دا: "لە دەوڵەتێکی یەکگرتوودا ناکرێت دوو سوپا هەبن، بێگومان دەبێت تەنیا یەک سوپا هەبێت کە لە لایەن یەک دەسەڵاتەوە فەرماندەیی بکرێت. هێزەکانی پۆلیس و بابەتەکانی دیکە دەکرێت لە نێوان دیمەشق و هەسەدە رێکبخرێن. نامانەوێت بچینە ناو وردەکارییەکانەوە، بەڵام داواکارییەکانی ئێمە لە هەسەدە و لایەنەکانی دیکە شتێکە دەکرێت جێبەجێ بکرێت."