ترەمپ: پوتن لەسەر راگرتنی بۆردومانی سەر کیێڤ و شارەکانی ئۆکرانیا بۆ ماوەی یەک هەفتە رازی بووە

دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن
دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند: ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆکی رووسیا، رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر راگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کیێڤ و شارەکانی تری ئۆکرانیا بۆ ماوەی یەک هەفتە. 

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، بۆردومانە بەردەوامەکانی مۆسكۆ بوونەتە هۆی پچڕانی سیستەمی گەرمکەرەوە لە باڵەخانەکانی کیێڤ، ئەوەش لە کاتێکدا کە ناوچەکە رووبەڕووی شەپۆلێکی سەرما و سۆڵەی بێپێشینە و پلەی گەرمی ژێر سفر بووەتەوە.

ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی حکوومەتدا ئاماژەی بەوە کرد، ئۆکرانییەکان ئێستا رووبەڕووی سەرمایەکی توند بوونەتەوە کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە، بۆیە ئەو داوای لە پوتن کردووە کە بۆ ماوەی 7 ڕۆژ هێرشەکان رابگرێت تاوەکو خەڵکی ئەو وڵاتە لە مەترسیی رەقبوونەوە بپارێزرێن.

 سەرۆکی ئەمریکا لە گێڕانەوەی وردەکاریی پەیوەندییەکەیدا گوتی: داوام لێکرد کیێڤ و شارەکانی تر بۆ ماوەی هەفتەیەک بۆردومان نەکات، ئەویش ڕازی بوو، دەبێت بڵێم ئەو کارەی پوتن زۆر جوان بوو.

ئەم دەستپێشخەرییە لە کاتێکدایە کە ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا بەهۆی جەنگەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە و مۆسکۆ بە چڕی وێستگەکانی کارەبا و گەرمکەرەوەی کردووەتە ئامانج.

راگرتنی بۆردومانەکان بۆ ماوەی یەک هەفتە، دەرفەتێک دەداتە تیمە تەکنیکییەکان لە ئۆکرانیا تاوەکو بتوانن بەشێک لە سیستەمەکانی وزە چاک بکەنەوە و رێگری لە کارەساتێکی مرۆیی گەورە بکەن کە بەهۆی سەرمای جەمسەرییەوە هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان کەس دەکات.