حوسێن قائیدی بۆ کوردستان24: کەمپی هۆل سەدان ئێزدی تێدایە

بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی دەستی داعش دەڵێت: نزیکەی 400 هاووڵاتیی کوردی ئێزدی لەنێو کەمپی هۆلدان و بەهۆی زاڵبوونی ژنانی داعش و گۆڕینی ناسنامەی منداڵەکان، پرۆسەی دۆزینەوە و رزگارکردنی ئافرەت و منداڵانی رفێندراوی ئێزدی تووشی ئاستەنگییەکی گەورە بووەتەوە.

حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی دەستی داعش بۆ کوردستان24 سەبارەت بە رەوشی ئێزدییەکان لە کەمپی هۆل ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی بانگەوازێکەوە کە رۆژی 26ی ئەو مانگە بڵاویان کردووەتەوە، ژمارە تەلەفۆنێکی تایبەتیان تەرخان کردووە بۆ ئەوەی هەر کەسێک لە رۆژئاوای کوردستان زانیارییەکی لەسەر بێسەروشوێنبووانی ئێزدی لە کەمپی هۆل یان هەر ناوچەیەکی دیکە هەبێت، ئاگاداریان بکاتەوە.

گوتیشی: "کارمەندانمان بەردەوام بەدواداچوون بۆ زانیارییەکان دەکەن، پێشتر زانیاریمان هەبوو کە ژمارەیەک ئافرەت و منداڵی ئێزدی لەو کەمپەدا بوون، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێکی نوێ لە بارەیانەوە نییە."

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ئەو نووسینگەیە، مەزەندە دەکرێت نزیکەی 400 کوردی ئێزدی لەنێو کەمپی هۆلدا مابن. قائیدی جەختی لەوەش کردەوە کە "لەناو کەمپی هۆلدا جۆرە باڵادەستییەکی داعش هەیە کە لەلایەن ژنانی تیرۆریستانەوە بەڕێوەدەبرێت؛ لەوێ زیندانیکردن و کوشتنیش هەیە."

حوسێن قائیدی تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگییانەی لەبەردەم ناسینەوەی رفێنراوەکاندایە و گوتی: "دوو جۆر ئێزدی لەنێو کەمپەکەدا هەن؛ بەشێکیان ناوێرن ناسنامەی خۆیان ئاشکرا بکەن چونکە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت، بەشەکەی دیکەشیان ئەو منداڵانەن کە لەوێ گەورە کراون و ناو، ئایین و زمانیان گۆڕدراوە، ئەمەش وای کردووە ناسینەوەیان زۆر ئەستەم بێت."

سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوان رایگەیاند، پێشتر هەسەدە ئامادەیی نیشانداوە یارمەتییان بدەن بۆ هێنانەدەروەی ئێزدییەکان، بەڵام وەک ئەو دەڵێت: "ئێمە هەمیشە پلانی خۆمان هەبووە و چەندین جار شاندمان رەوانەی ئەوێ کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خێزانەکانی داعش هێشتا لەسەر هەمان بیروباوەڕی توندڕەوی ماونەتەوە، پشکنینی خێوەت بە خێوەت بۆ هێزە ئەمنییەکانیش کارێکی قورس و پڕ مەترسی بووە."