لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ئەنبار زیاتر لە ملیارێک دینار دزراوە

دەستەی دەستپاکی عێراق دزینی زیاتر لە ملیارێک دیناری لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ئەنبار ئاشکرا کرد، کە لە لایەن چوار فەرمانبەر و لە رێگەی 17 چەکی بانکییەوە بە شێوەیەکی نایاسایی ئەنجامدراوە.

دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنبار تایبەت بە کوردستان24ـی رایگەیاند، ئەو دزییە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر مووچەی فەرمانبەران دروستکردووە و بووەتە هۆی پەکخستنی کارە کارگێڕی و داراییەکانی ناو بەڕێوەبەرایەتییەکە.

عەبدولڕەحمان مەشهەدانی، راوێژکاری یاسایی لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنبار بە کوردستان24ی راگەیاند: "چەندین دزی بە گوژمەی خەیاڵی ئەنجام دەدرێن، ئەو هەموو پارەیەش سامانی گشتییە و بووەتە هۆی کورتهێنانی دارایی لە دەوڵەت و کاریگەری نەرێنی لەسەر مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دروستکردووە." ئاماژەی بەوەش کرد، دزییەکان لە رێگەی پڕۆژەی وەهمییەوە لە وەزارەتەکان ئەنجام دەدرێن و پێویستە لایەنەکانی بەدواداچوون وردبینی لە تۆمار و پڕۆژەکاندا بکەن.

هاوکات چالاکوانانی ئەنبار جەخت لە دوورخستنەوەی گەندەڵکارانی سامانی گشتی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو تاوانبارانە دەکەن کە دەست بۆ سامانی گشتی دەبەن.

مەحموود جومەیلی، چالاکوانی مەدەنی بە کوردستان24ی راگەیاند: "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین سزای هەموو ئەو کەسانە بده‌ن کە دەست بۆ ئەو سامانە درێژ دەکەن، چونکە ئەمە قووتی گەلە و داواش لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین دز و گەندەڵکاران لە فەرمانگەکانی دەوڵەت دوور بخاتەوە."

بەهۆی ئەم دۆسیە گەورەیەی دزینی پارەی گشتی،  خەڵک و دانیشتووانی ئەنبار چاودێری هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەن و جەخت دەکەنەوە کە پارەی پەروەردە گۆڕەپانی تاڵانکردن نییە، بەڵکو مافی خوێندکاران و مامۆستایانە.