داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نیامی گرتە ئەستۆ
رێکخراوی تیرۆریستیی (داعش) بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە خوێناوییەکەی سەر فڕۆکەخانەی "نیامی" لە پایتەختی نەیجەر راگەیاند.
گرووپی هەواڵگری (SITE)، کە چاودێری چالاکییە توندڕەوەکان دەکات، بەیاننامەیەکی داعشی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە هێرشەکەی سەر پایتەخت لەلایەن چەکدارانی ئەوانەوە ئەنجامدراوە. بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی سەربازی، لە ئەنجامی هێرشەکەدا چوار سەرباز برینداربوون و هێزە ئەمنییەکان توانیویانە 20 هێرشبەری داعش بکوژن و چەند کەسێکی دیکەش دەستگیر بکەن. ئاماژە بەوەش دراوە کە یەکێک لە کوژراوەکان خەڵکی فەرەنسا بووە.
فڕۆکەخانەی نیامی تەنیا ناوەندێکی گواستنەوە نییە، بەڵکو شوێنێکی زۆر هەستیارە و کەمتر لە 10 کیلۆمەتر لە کۆشکی سەرۆکایەتییەوە دوورە. ئەم شوێنە بنکەی هێزی ئاسمانی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مۆدێرن "درۆن" و بارەگای هێزە هاوبەشەکانی (نەیجەر، بورکینافاسۆ و مالی) تێدایە. هەروەها بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمی بەرهەمهێنراوی نەیجەر لەوێ کۆکراوەتەوە کە بووەتە هۆی کێشە لە نێوان حکوومەت و کۆمپانیای "ئۆرانۆ"ی فەرەنسی.
جەنەڕاڵ عەبدوڕەحمان تیانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی، لە گوتارێکدا پیرۆزبایی لە هێزە ئەمنییەکان و هاوبەشە رووسییەکان کرد بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە. تیانی بە توندی هێرشی کردە سەر سەرۆکەکانی فەرەنسا، بێنین و کۆتدیڤوار و بە "سپۆنسەری بەکرێگیراوەکان" ناوی بردن و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی لێکردن.
لە دوای کودەتا سەربازییەکەی تەمموزی 2023، پەیوەندییەکانی نەیجەر و فەرەنسا گەیشتوونەتە بنبەست. دەسەڵاتدارانی نوێی نەیجەر، فەرەنسا و بێنین بە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکەیان تۆمەتبار دەکەن، لە بەرامبەردا نەیجەر رووی لە هاوپەیمانییەتی نوێ کردووە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا بەهێزتر کردووە.