حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە خولی 92ـی گفتوگۆکانی ڕێککەوتننامەی سیداو دەکات
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم، د. دیندار زێباری، رایگەیاند؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە خولی 92ی لیژنەی رێککەوتننامەی نەهێشتنی جیاکاری دژی ئافرەتان (سیداو) دەکات، کە لە 2 تا 6ـی شوبات 2026 لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، سویسرا بەڕێوە دەچێت.
د. دیندار زێباری راگەیاند: "لە ئەم گفتوگۆیانەدا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی شاندی کۆماری عێراق بەشدار دەبێت و وتار و راپۆرتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی راسپاردەکان بەگوێرەی رێککەوتننامەکە پێشکەش دەکرێن.”
زێباری زیاتر راگەیاند؛ لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021–2025) و راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، کاری جددی ئەنجام دراوە و دەستکەوتە بەرچاوی بەدەست هاتووە. ئەم گفتوگۆیانە دەروازەیەکی گرنگ بۆ نیشاندانی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری و توندوتیژی خێزانی، لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان، هەروەها رۆڵی دامودەزگا تایبەتمەندەکان لە بنەبڕکردنی توندوتیژی و دامەزراندنی کۆمەڵگەی یەکسان دەکرێت.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها ئاماژەی کرد کە لە گفتوگۆکانی رابردوودا، ژمارەیەک لە وڵاتان هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرێنی وەسف کردووە، بەتایبەتی لە بواری پاراستنی یەکسانی، هەڵپەساردنی سزای لەسێدارەدان، پێشوازیکردن لە ئاوارە و پەنابەران و چەندین بواری گرنگی تر.