رۆناڵدۆ پێنج یاریزانی بۆ یوڤێنتوس پێشنیار کرد بوو

كریستیانۆ رۆناڵدۆ و پاوڵۆ دیبالا بە درێسی یوڤێنتۆس
كریستیانۆ رۆناڵدۆ و پاوڵۆ دیبالا بە درێسی یوڤێنتۆس

کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی پۆرتوگاڵی پێشووی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵیا، ئەو کاتەی پەیوەندی بە یانە ئیتاڵیەوە کرد پێشنیاری بۆ بەرپرسانی ئەو کاتی یانەکە کرد کە پێنج یاری بگوازنەوە، بەڵام هەرگیز هیچ کام لەم پێنج یاریزانە نەگوازرانەوە ریزەکانی خانمە پیرەکە.
رۆژنامەی لاگازێتا ديلۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، ئەو کاتەی ئەستێرە پۆرتوگاڵیەکە لە ریزەکانی یوڤێنتوس بوو، پێنج یاریزانی بۆ یانەکە پێشنیار کرد بۆ ئەوەی بيگوازنەوە ریزەکانیان، بەڵام هیچ یەک لەم پێنج یاریزانە پەیوەندیان بە یانەکەی شاری تۆرین نەکرد.
مارسێلۆی بەرازیلی، یەکەمین یاریزان بوو کە رۆناڵدۆ دوای 24 کاتژمێر بەسەر واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤێنتوس داوای کردبوو بگوازرێتەوە یوڤی، بەڵام ئەو یاریزانە بەڕازیلیەکە رەتیکردەوە ریزەکانی یانە شاهانەکە جێبهێڵێت.
دووەم یاریزان کە دۆن پێشنیاری گواستنەوەی کرد، سێرخیۆ رامۆس سەرکردە و بەرگریکاری پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید بوو، ساڵی 2020 کاتێک بەرپرسانی خانمە پیرەکە خەریکی گواستنەوەی چەند بەرگریکارێک بوون، رۆناڵدۆ پێشنیاری کرد رامۆس بگوازنەوە ریزەکانیان، بەڵام ئەم گواستنەوەیەش سەری نەگرت و دوای ساڵێک رامۆس پەیوەندی بە پاریس سانجێرمان کرد.
ئیڤان راکێتیچ ناوەڕاستکاری پێشووی یانەی بارسێلۆنا، یەکێک بوو لەو یاریزانانەی کە رۆناڵدۆ پێشنیاری کرد پەیوەندی بە یوڤێنتوسەوە بکات، خودی ئەو یاریزانەش ئاشکرای کرد کە ساڵی 2019 رۆناڵدۆ داوای لێکرد پەیوەندی بە یوڤی بکات، بەڵام بەهۆی بەرزی نرخەکەی هەرگیز نەیتوانی هاوشانی رۆناڵدۆ لە ریزەکانی یوڤێنتوس یاری بکات.
رەنگە زۆرێک پێیان سەیر بێت، بەڵام رۆناڵدۆ پێشنیاری بۆ بەرپرسانی یوڤێنتوس کرد بوو کە ساموئێل ئۆمتیتی بەرگریکاری فەڕەنسی پێشووی یانەی بارسێلۆنا بگوازنەوە، کەچی بەرپرسانی یانەکە ئەو پێشنیارەشیان پشتگوێ خست و دوای ماوەیەکی کورتیش ئۆمتیتی تووشی پێکانێکی درێژخایەن بووەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ تەنانەت گۆڵپارێزێکیش بۆ یانەکەی یوڤێنتوس پێشنیار کرد، ئەویش یاسپەر سیلسن گۆڵپارێزی دووەمی پێشووی یانەی بارسێلۆنا بوو، بەڵام کارگێری خانمە پیرەکە لە شوێنی گۆڵپارێزەکەی بارسێلۆنا، ڤوچیک چیزنی گۆڵپارێزی پۆڵەندیان گواستەوە ریزەکانی.