چیرۆکی ئەو منداڵەی لەگەڵ مۆرینیۆ ئاهەنگی شێتانەیان گێڕا

خۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بێنفیكا لەگەڵ فرانسیسكۆ كۆنیای تۆپهێنەرەوە لە بێنفیكا
خۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بێنفیكا لەگەڵ فرانسیسكۆ كۆنیای تۆپهێنەرەوە لە بێنفیكا

لە یاريی نێوان بێنفیکا و ریاڵ مەدرید کە بە بردنەوەی یانەی پۆرتوگالییەكە کۆتایی هات، دوای تۆمار کردنی گۆڵی چوارەمی ئەو یانەیە دیمەنێک بڵاوبووەوە کە هەر زوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بووە ترێند، ئەویش ئاهەنگێڕانی جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەری بێنفیکا لەگەڵ منداڵێکی تۆپهێنەرەوە.
فرانسیسکۆ کونیا ئەو قوتابیە 13 ساڵانەی دانیشتووی شاری لیسبۆن بوو کە مۆرینیۆ وەکو یەکەم کەس دوای گۆڵی چوارەمی یانەکەی بەرامبەر ریاڵ مەدرید، شێتانە ئاهەنگی لەگەڵ گێڕا، ئەو مێرد منداڵە باس لەو ساتە دەکات و دەڵێت، تەنها بیستم مۆرینیۆ هاواری دەکرد: ''راکە منداڵ ئێمە سەرکەوتین''.
فرانسیکسۆ لەو یارییە وەکو تۆپهێنەرەوە لە نزیکترین خاڵی یاریگا بینەری گۆڵی چوارەمی یانەکەی بەرامبەر ریاڵ مەدرید بوو، ئەو تەنها تۆپهێنەرەوەیەکی سادە نییە بەڵکو لە 7 ساڵیەوە لە ئەکادیمیای بێنفیکا بووە و ئێستاش، لە تیپی خوار 14 ساڵانی ئەو یانەیە وەکو ناوەڕاستكار یاری دەکات.
فرانسیسکۆ برایەکی دووانەی هەیە ئەویش لە تیپی خوار 14 ساڵانی یانەی ریال ماساما گۆڵپارێزە. فرانسیسکۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: من و براکەم بۆ جاری یەکەم لە تەمەنی 4 ساڵی تاقیکردنەوەمان پێکرا، بەڵام من دەرچووم و براکەم دەرنەچوو.
ئەو مێردمنداڵە لەبارەی پیشەکەی کە تۆپهێنەرەوەیە و هەروەها ساتی ئاهەنگێڕانەکەی لەگەڵ مۆرینیۆ دەڵێت: ''یەکەمجار دوو ساڵ لەمەوبەر لە یاری بەرامبەر براگا وەکو تۆپهێنەرەوە دەست نیشانکرام. من ئەم کارەم زۆر خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی یانەکەم زۆر خۆشدەوێت و هەروەها لە نزیکترین خاڵی یاریگاش بینەری یارییەکان دەبم. لە یارییەکەی بەرامبەر ریاڵ مەدرید من نزیکبووم لە یاریزانە یەدەکەکانی ئەو یانەیە، هەموو یاریگا پێکەوە هاواریان دەکرد پێویستیمان بە گۆڵێکی دیکەیە، کاتێک گۆڵی چوارەم تۆمار کرا، تەنها رامکرد و نەمزانی لە خۆشیان چی بکەم، لەو کاتە تەنها بینیم لە باوەشی مۆرینیۆم و پێمدەڵێت: ''راکە منداڵ ئێمە سەرکەوتین''. بەراستی دیمەنێک بو کە لە خەونیش نابیندرێت، بۆیە هەرگیز ئەم دیمەنەم لەبیر ناچێت''.
فرانسیسکۆ گوتیشی: ''سەرەتا نەمزانی کە ئەو گرتەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بووەتە ترێند، تاوەکو گەڕامەوە ماڵەوە دایک و باوکم بە پێکەنین و دڵخۆشی ئاگاداریان کردەوە، رۆژی دواتریش کە چوومە قوتابخانە، لە رێگا و لە قوتابخانە هەمووان پرسیاری ئەوەیان کرد، دیمەنەکەی خۆی بینیوە کاتێک مۆرینیۆ لەگەڵ تۆ ئاهەنگ دەگێڕێت؟''.