فازڵ میرانی: لەسەر پێکهێنانی حکوومەت و پۆستی سەرۆک کۆمار هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی نەکراوە
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەنگۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە.
شەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2026، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، سەبارەت بەوەی ئایا لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و دیاریکردنی پۆستی سەرۆک کۆمار، بە ڕاشکاوی گوتی: "تا ئەم کاتە، نە".
ئەم لێدوانەی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سەرەڕای بەردەوامی گفتوگۆکان، هێشتا گرێکوێرەی ناکۆکییەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و شێوازی بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوو نەکراوەتەوە و هەردوو لا نەگەیشتوونەتە خاڵی کۆتایی.
پێشتریش چەندین کۆبوونەوە لە نێوان شاندی دانوستانکاری هەردوولا ئەنجامدراوە، بەڵام وەک لە قسەکانی فازڵ میرانیدا دەردەکەوێت، پرسی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکوومەت هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.