شڤان پەروەر: یەکڕیزییەکەی ئەمڕۆ سەلماندی کورد خاوەنی هەیە

شڤان پەروەر، هونەرمەندی ناوداری کورد، دوای بەشدارییکردنی لە خۆپیشاندانی بەرفراوانی کوردانی تاراوگە، پەیامێکی ئاراستەی لایەنەکان کرد و ڕایگەیاند، ئەو یەکگرتووییەی لە دیاسپۆرا بینرا جێگەی شانازییە و نیشانەی ئەوەیە "کورد خاوەنی هەیە"، هاوکات هۆشداریش دەدات لەوەی نابێت بە ڕێککەوتنە سیاسییەکان دڵنیا بینەوە و دەستبەرداری گیانی بەرخودان بین.

شەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2026، شڤان پەروەر لە شاری بۆنی ئەڵمانیاوە بووە میوانی ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24 و باسی لە گرنگیی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ کرد بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان. قسەکانی بەوە دەستپێکرد: "ئێمە کوردین، مێژووین، شانازین و شارەزاین، لە جیهاندا ژمارەیەکی زۆر کەسین."

شڤان پەروەر ستایشی ڕۆڵ و هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد بەگشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی. لەمبارەیەوە گوتی: ئەمە نیشانەی ئەوەیە کورد خاوەنی هەیە و ڕێز لە یەکتر دەگرن.

هەروەها پیرۆزبایی ئەم یەکگرتووییەی لە سەرۆک بارزانی و تەواوی کوردان کرد و ڕایگەیاند: یەکگرتوویی کورد لە جیهان و دیاسپۆرا جێگای شانازییە و ڕووداوێکی زۆر گەورەیە.

سەبارەت بە دواین پێشهاتەکان و ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق، ئەو هونەرمەندە کوردە داوای لە کوردان کرد کە واقیعبین بن.

شڤان پەروەر گوتی: نابێت وا تێبگەین بە ڕاگەیاندنی ئەو ڕێککەوتنە هەموو کێشەکان چارەسەر بوون، بەڵکوو دەبێت بیر لە داهاتوو بکەینەوە و بۆ هەموو ئەگەرێک ئاگادار و ئامادە بین، ئەمەش بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان ڕاستە.

شڤان پەروەر جەختی لەسەر بەردەوامیی خەبات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا: لە هەر قۆناغێکی ژیاندا، ئەگەر بەرخودان نەبێت ناتوانیت بژیت، بۆیە دەبێت لە بەرامبەر هەر کێشەیەک کە ڕووبەڕووت دەبێتەوە، بەرخودان بکەیت.

شڤان پەروەر گوتیشی: کچانی ئێمە لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەمیشە شانبەشانی پیاوان پێشمەرگە و شەڕڤان بوون و لە مەیدانی جەنگدا بوون، کچانی کورد لە سەرتاسەری کوردستانن.

سەبارەت بە بەکارهێنانی ئایین بۆ مەرامی سیاسی و توندوتیژی، ئەو هونەرمەندە گوتی: ئایین ویژدان و ڕەحمەتە، ئایین سیاسەت نییە. کاتێک ئایین بوو بە سیاسەت، دەبێتە شەڕ، دەبێتە خوێنڕشتن و دەبێتە فاشیزم.

شڤان پەروەر ئاماژەی بەوەش دا، ئەو عەقڵیەتەی داعش و هاوشێوەکانیان هەیانە نوێنەرایەتی مرۆڤایەتی ناکات و گوتی: ئەوانە تیرۆریستن و شێوازی شەڕ و خوێنڕشتنیان بێ ئەدەبییە و مرۆڤ نین. لە فەلسەفەی ئەواندا هەموو کەس کافرە، لەکاتێکدا 8 ملیار مرۆڤ لە جیهاندا هەیە و دەبێت ڕێز لە هەموویان بگیرێت، جا سەر بە هەر ئایین، زمان یان کولتوورێک بن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لە مافی گەلی کورد کردەوە و ئاماژەشی دا، وەک چۆن عەرەب و تورک مافیان هەیە، کوردیش مافی خۆیەتی. ئەوانەی بێ ڕێزی بەرانبەر میللەتی کورد و دایک و کچانی کورد دەکەن، بێ ئەدەبن.

شڤان پەروەر سڵاوی بۆ دایکان و کچانی کورد نارد و گوتی: ژن دایکە، ژن خوداوەندی ژیانە، مرۆڤی بێ ئەدەب سووکایەتی بە ژن دەکات، ئەوانە مرۆڤ نین و با دونیا ئەوە بزانێت.