پەروین یوسف: تەنیا یەکگرتوویی ماڵی کورد گەرەنتی مافەکانمان دەکات

هاوسەرۆکی (پەیەدە) ڕایدەگەیەنێت، ڕێککەوتنێک هەیە بۆ ئەوەی سوپای سووریا نەچێتە ناوچە کوردییەکان و هێزە خۆجێیەکانیش پارێزگاری لە ئاسایشی ناوچەکە دەکەن؛ هاوکات نیگەرانی خۆی نیشان دەدات لەوەی مەرسوومە نوێیەکانی سووریا بێ بەشداریی لایەنی کورد دەرکراون و دەڵێت: تەنیا یەکگرتوویی ماڵی کورد گەرەنتی مافەکانمان دەکات.

شەممە 31ی کانوونی دووەمی 2026، پەروین یوسف، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بە کوردستان24ی گوت: بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەیە کراوە، نابێت سوپای سووریا بچێتە نێو ناوچە کوردییەکان، بەڵام هێزەکانی ئاسایشی دێن، تاوەکوو پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوە بچێت و دواتر ناوچەکە چۆڵ دەکەن؛ هاوکات هێزەکانمان، ئاسایشی ناوچەکە دەپارێزن کە لە خەڵکی ناوچەکە پێکهاتوون.

لەبارەی گەرەنتی ئەوەی جارێکی دیکە شەڕ ڕوونەدات گوتی: گەرەنتی پارێزگاریکردنە لە خۆمان، هێزەکانمانە و خەڵکەکەمانە؛ جەختیشی کردەوە، ئەوانە نایەوێت جیا ببنەوە، بەڵکوو سووریایەکی دیموکراتیان دەوێت، کە هەموو مافەکانی کورد تێیدا پارێزراو بێت.

هاوسەرۆکی پەیەدە باسی لەوەش کرد، تاوەکوو ئێستا سووریا لە لایەن یەک کەسەوە بەرێوەدەبردرێت، ئەو مەرسوومەی سەبارەت بە کورد دەرکرام تەنیا لە لایەنی ئەحمەد، شەرع، سەرۆکی ئەو وڵاتە ئامادە کرابوو، بەبێ بەشداریکردنی هیچ لایەنێکی کورد، بۆیە ئێمە ئەو مەرسوومە بە کەموکورتی دەبینین.

داواش دەکات بۆ ئەوەی کورد بەهێز بێت و مافەکانمان پارێزراوبێت، دەبێت هەموومان یەکگرتووبین و پارچەبوون لە نێو ماڵی کورد ڕوونەدات، چونکە هەر ئێمە بە تەنیا دەتوانین پارێزگاری لە خۆمان بکەین.

لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق گوتی: تاوەکوو کاتەکەی دیاری نەکراوە، بەڵام لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو سەردانە دەکرێت.