تەقینەوەیەک لە بەندەرعەباسی ئێران روویدا و ئەمریکاش هۆشداری دەداتە سوپای پاسداران
سێنتکۆم هۆشدارییداوە بە سوپای پاسدارانی ئێران لە مانۆڕە سەربازییەکانی
تەقینەوەیەک لە شاری بەندەرعەباسی ئێران روویدا، بهرپرسانی ئێرانیش دهڵێن، تهقینهوهكه بههۆی لێچوونی غازهوه بووه.
شەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2026، لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان ژمارەیەک ڤیدیۆ بڵاو کرایەوە کە دەگوترێت بە درۆن یان مووشەک هێرشی کراوەتە سەر بینایەکی هەشت نهۆمی لە شاری بەندەرعەباسی ئێران و بەم هۆیەوە چەند کەسێک بریندار بوون، هاوکات دەنگۆی ئەوەش بڵاو کراوەتەوە کە عەلیڕەزا تەنگیسەری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران کوژراوە.
لەم بارەیەوە میدیای فەرمیی ئێران ئەو هەواڵەیان ڕەت کردەوە و رایانگەیاند، ئەو رووداوە هێرشی تیرۆریستی نەبووە، بەڵکوو تەقینەوەی گاز بووە و هەواڵی تیرۆرکردنی تەنگیسەری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانیش راست نییە. ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەهۆی تەقینەوەکەوە لە شاری ئەهوازی ئێران چوار کەس گیانیان لەدەستدا.
لای خۆیەوە بابەک رەبیعی، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی شارەداری ئەهواز رایگەیاند، لە باڵەخانەیەکی پێکهاتوو لە چوار شوقەی نیشتەجێبوون بە هۆی تەقینەوەی گاز 4 کەس لە یەک خێزان گیانیان لە دەستدا و دوو کەسیش رزگار کراون.
بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی شارەداری ئەهواز گوتی،" بەهۆی ئەم رووداوەوە جگە لەم باڵەخانەیە کە زیانی دارایی و گیانی هەبووە، زیان بە باڵەخانەکانی دەورووبەریش گەیشتووە.
سێنتکۆم هۆشداری بە سوپای پاسدارانی ئێران دەدات
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم ) لە راگەیێنراوێکدا هۆشداری بە سوپای پاسدارانی ئێران دا لەبارەی ئەنجامدانی ئەو مانۆڕە سەربازییەی سوپای پاسداران بە نیازە رۆژی یەکشەممە بیکات، دەڵێت: داوا لە سوپای پاسداران دەکەین مانۆرە دوو رۆژەکەیان بە شێوەیەکی سەلامەت و پڕۆفێشناڵانە جێبەجێ بکەن، خۆیان بە دوور بگرن لە دروستکردنی مەترسی بۆ هاتووچۆی بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.
سێنتکۆم جەختیش دەکاتەوە، ئێران مافی خۆیەتی مانۆری سەربازی بکات، لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداریان دەداتێ، هەر جۆرە هەڵسوکەوتێکی ناسەلامەت و ناپڕۆفێشناڵی لە نزیک هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی یاخود کەشتییە بازرگانییەکان، مەترسی رووبەڕووبوونەوە و ناسەقامگیری لێ دەکەوێتەوە.
سێنتکۆم دووپاتیشی دەکاتەوە، نەرمی بەرانبەر بە هیچ جۆرە کردەوەیەکی ناسەلامەتی پاسداران نانوێنن، وەک فڕین بەسەر کەشەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا، نزیکبوونەوەی کەشتی خێرا یان تاقیکردنەوەی چەک لە نزیک کەشتییەکانی ئەمریکا.
ئەم هۆشداری و ئاگادارکردنانەوەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە کاتێکدایە، بڕیارە سوپای پاسداران مانۆڕێکی سەربازی دوو رۆژە لە گەرووی هورمز بکات.
هاوکات گەورەترین کەشتیگەلی سەربازی ئەمریکا، یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن لە ئاوەکانی ناوچەکەدان.