غەززە رۆژێکی خوێناوی بەڕێ کرد
دوێنێ شەممە، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی توندی کردە سەر کەرتی غەززە و لە ئەنجامدا لانیکەم 30 هاووڵاتی کوژران.
یەکشەممە، 01 شوبات، 2026، ئاژانسی هەواڵی 'سکای نیوز' بڵاوی کردووەتەوە "بەگوێرەی دواین ئامارەکان کە لەلایەن بەرپرسانی نەخۆشخانەکان و سەرچاوە تەندروستییەکانی غەزەوە پشتڕاست کراونەتەوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، جگە لە کوژرانی 30 هاووڵاتی کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن، ژمارەیەکی زۆری دیکەش بریندار بوونە."
پاش رێککەوتنی ئاگربەست لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، ئەم هێرشە بە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لەقەڵەم دەدرێت. وا دیارە هیرشەکان زۆر توند بوونە و زیاتر ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی کەرتەکەی گرتووەتەوە.
بەرپرسانی نەخۆشخانەی 'شیفا' لە شاری غەزە رایانگەیاندووە، مووشەکێک بەر ماڵێک کەوتووە و لە ئەنجامدا دایکێک و سێ منداڵەکەی، لەگەڵ یەکێک لە خزمەکانیان دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە. ئەمە تەنها بەشێک بوو لە کارەساتەکە؛ لە خان یونس، هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر خێوەتگەیەکی ئاوارەکان و لە ئەنجامدا حەوت ئەندامی یەک خێزان کوژران.

دیمەنەکان و وێنە بڵاوکراوەکان ئاستی وێرانکاری و سووتانی خێوەتەکانیان نیشان دەدەن لە کاتێکدا تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن.
محەممەد ئەبوسەلمیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا، رایگەیاند "بەرەبەیانی دوێنێ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، بۆمبارانی بنکەیەکی پۆلیسیان لە شاری غەزە کرد و لەم بۆردومانەدا لانی کەم 14 کەسی دیکە کوژراون کە زۆربەیان پۆلیس بوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، بەمەش کۆی گشتی قوربانیانی رۆژەکە گەیشتە 30 کەس."
هەڵوێستی سوپای ئیسرائیل و پاساوی هێرشەکان
لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل (IDF) لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند "هێرشەکان، بۆ سەر ئامانجی پێشتر دیاریکراو بوونە."
سوپای ئیسرائیل، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لەم زنجیرە هێرشەدا "چوار فەرماندە و چەکداری سەر بە بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامییان لە کەرتی غەزە لە ناو بردووە."
بە گوێرەی بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیل، جگە لە کوشتنی کەسایەتییەکان، هێرش کراوەتە سەر ژێرخانی سەربازیی گرووپە چەکدارەکان، لەوانە کۆگایەکی چەک، کارگەیەکی دروستکردنی تەقەمەنی و دوو شوێنی هەڵدانی موشەک لە ناوەڕاستی کەرتی غەزە.

سوپای ئیسرائیل، پاساوی بۆ دەستپێکردنەوەی ئەم هێرشە فراوانانە هێناوەتەوە و رایگەیاندووە "ئەمە وەڵامێکە بۆ پێشێلکارییەکی ئاشکرای حەماس لە ڕۆژی هەینیی ڕابردوودا، کە هەشت چەکداری حەماس لە ڕێگەی تونێلێکەوە لە رۆژهەڵاتی ڕەفەح دەرچوون و بەمەش ئاگربەستەکەیان پێشێل کردووە."
سوپای ئیسرائیل، دووپاتی کردەوە لەوەی بەردەوام دەبێت لە لێدانی هەر هەوڵێک کە ئاسایشی هاوڵاتیان و سەربازانی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە و تۆمەتی ئەوەی دایە پاڵ حەماس کە هاووڵاتیانی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار دەهێنێت.
ئیسرائیل و حەماس، بەردەوام یەکتری بە پێشێلکردنی بەردەوامی مەرجەکانی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن. ئەو ئاگربەستەی کە دوای دوو ساڵ لە جەنگی وێرانکەر، بە نێوەندگیرییەکی نێودەوڵەتی مۆرکرا.