مەیادە نەجاڕ: پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە نەک لایەنێکی سیاسی
ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، دەڵێت: پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە پشکی کوردە نەک لایەنی دیکەی سیاسی، بۆیە هەوڵەکان بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە چڕ کراوەتەوە و دەبێت کەسێکی بەهێز دیاری بکرێت و پۆستەکە وەربگرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت دەستوور جێبەجێ بکات.
یەکشەممە 1ـی شوباتی 2026، مەیادە نەجاڕ، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ـی گوت: تاوەکوو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە نێوان پارتی و یەکێتی نەکراوە، بەڵام کۆبونەوەکان چڕ کراونەتەوە بۆ ئەوەی بەم نزیکانە کەسێک دیاری بکرێت و ببێت بە سەرۆککۆماری داهاتووی عێراق.
نەجاڕ، ئاماژەی بەوەش کرد "پارتی دەیەوێت کەسێک ئەو پۆستە وەربگرێت کە بتوانێت پارێزگاری لە مافەکانی کورد بکات و دەستوور جێبەجێ بکات، چونکە لە رابردوودا هیچ کام لە سەرۆککۆمارەکان نەیانتوانیووە ئەو کارە بکەن."
جەختی لەوەش کردەوە "پارتی ئامادە نییە کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە بکشێنێتەوە، چونکە ئەو پۆستە مافی کوردە نەک لایەنێکی سیاسی، هاوکات یەکێتی ساڵانێکی زۆرە ئەو پۆستەی قۆرخ کردووە و نابێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت
مەیادە نەجاڕ، گوتیشی: ئەم جارە زۆرینەی لایەنە عێراقییەکان ئامادەن دەنگ بدەن بە کاندیدی پارتی، بۆیە ئەگەر زۆرە پۆستی سەرۆککۆمار ئەم جارە بۆ پارتی بێت.
ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: بۆ پاراستنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد، پارتی زۆرجار پشکی خۆی لە پۆستەکان داوە بە لایەنەکانی دیکە تەنها بۆ ئەوەی پارێزگاری لە کۆدەنگی و یەکڕیزیی کورد بکات، بەڵام هەندێک لایەن ئەو بیرکردنەوەیەیان نییە و ئامادەنین لە پێناو ئەو یەکڕیزییە قوربانی بدەن.