دۆناڵد ترەمپ داوا لە چین دەکات نەوتی ڤەنزوێلا بکڕێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، پێشوازی لە وەبەرهێنانی چین لە کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا دەکات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کاراکاس هەوڵدەدات ئابوورییەکەی ببوژێنێتەوە.
ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانە و لەم هەفتەیەدا یاساکانی هەموارکردەوە بۆ ئەوەی کەرتەکە بەڕووی وەبەرهێنانی تایبەت و دەرەکیدا بکرێتەوە.
چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ڤەنزوێلا بوو لە سەردەمی مادورۆ، کاتێک لە 3ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن ئەمریکاوە دەستگیرکرا، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی چین ئیدانەی دەستگیرکردنەکەی کرا، ئەمەش گومانی خستە سەر ئایندەی پەیوەندییەکانی پەکین و کاراکاس.
لەوبارەوە دۆناڵد ترەمپ لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی بە رۆژنامەنووسانی گوت: "ئەگەر چین مامەڵەیەکی گەورە بۆ کڕینی نەوتی ڤەنزوێلا بکات، ئێمە پێشوازی لێدەکەین".
رۆژی هەینی، سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا، دێلسی رۆدریگێز، رەزامەندی لەسەر رێککەوتنی هاوکاری وزە لەگەڵ هیندستان دا.
سەرۆکی ئەمەریکا لەوبارەوە رایگەیاند، "هیندستان بەشداری دەکات و نەوتی ڤەنزوێلا دەکڕێت، لەبری ئەوەی لە ئێران بیکڕێت، ئێمە ئەو گرێبەستەمان کردووە، گرێبەستەکان فراوان دەکرێت، بۆیە بەخێرهاتنی چین دەکەین بۆ کڕینی نەوتەکە".
ترەمپ چەندین جار ئەوەی رایگەیاندووە، کە واشنتن بەرپرسی ڤەنزوێلایە، ئاماژەی بەوەداوە، ئەمریکا و ڤەنزوێلا داهاتی نەوت هاوبەش دەکەن، جەختیشی کردووەتەوە، وڵاتەکەی "زۆر باش لەگەڵ سەرکردایەتی ڤەنزوێلادا دەگونجێت. بەڕاستی کارەکانیان باشە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە نەوتێکی زۆر دەفرۆشین، بەشێکی زۆری دەبەین، ئەوانیش بڕێکی زۆری لێ وەردەگرن، ئەوان لە جاران پارەی زیاتر بەدەستدەهێنن، ئەوەش سوودی بۆ ئێمە دەبێت".