میدیایەكانی میسر: ئەهلی لەگەڵ مستەفا قابیل گەیشتە رێككەوتن

بەگوێرەی میدیایەكانی میسری، ئەهلی میسری لەگەڵ هەولێر گەیشتە رێککەوتن بۆ ئەوەی مستەفا قابیل بگوازێتەوە ریزەکانی و لە چەند کاتژمێری داهاتوو یانە میسرییەکە گرێبەستی هێرشبەرە لاوەکەی هەولێر یەکلایی دەکاتەوە.
ماڵپەڕی یەوم سابعی میسری ئاشکرایکردووە، یانەی ئەهلی میسری رەزامەندیی یانەی هەولێری بۆ گواستنەوەی مستەفا قابیل بەدەستهێناوە و ئەو هێرشبەرە لاوە دەباتە ریزەکانی و ئێستا هەردوولا خەریکی ئامادەکردن و داڕشتنی بەندەکانی گرێبەستەکەی مستەفا قابیلن بۆ ئەوەی هێرشبەرە 21 ساڵانەکە بەفەرمی ببێتە یاریزانی ئەهلی میسری.
مستەفا قابیل ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 12 یاری چوار گۆڵ و پێنج ئەسیستی کردووە، ئێستا پێکانی هەیە و لە دوو یاریی رابردووی یانەکەی بەرامبەر كەرخ و ئەمانەی بەغدا بێبەش بوو، 12 رۆژی بۆ چاكبوونەوە پێویستە و پێشبینی دەكرێت بۆ یاریی داهاتووش كە دەبێتە سێیەمین یاری لەسەریەك مستەفا قابیل لە یانەی هەولێر داببڕێت، رەنگە پێش ئەم یارییە چارەنووسی ئەو ئەستێرە كوردەكە لەگەڵ هەولێر یەكلایی بكرێتەوە.
كوردستان24 زانیاری ئەوەی دەستكەوتووە یانەی ئەهلی میسری پێشنیاری گۆڕینەوەی یاریزانێكی بۆ یانەی هەولێر كردووە، ئامادەیە هێرشبەری سلۆڤینی یانەكەی (نیتس گرادیشار) پێشكەشی یانەی هەولێر بكات و تەنانەت بەشێك لە مووچەی ئەو یاریزانەش دابین بكات لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە مستەفا قابیل.
نیتس گرادیشاری تەمەن 23 ساڵ، 3 یاریی بە درێسی هەڵبژاردەی سلۆڤینیا كردووە، لەگەڵ یانەی ئەهلی میسریش یەكێكە لە یاریزانە سەرەكییەكانی یانەكە، بەڵام دەستەی هونەری یانەكە لەو یاریزانە پیشەگەرە رازی نین.
 مستەفا قابیل، لە باڵەكان دەتوانێت بە قاچی راست و چەپ یاری بكات، لەگەڵ یانەی هەولێر پابەندە بە گرێبەستێك تا هاوینی 2027، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەشی 400 ملیۆن دیناری عێراقییە.
رۆژی پێنجشەممە دەرگای گواستنەوەی یاریزانان لە عێراق دادەخرێت و یانەی ئەهلی میسری تەنیا پێنج رۆژی لەبەردەم ماوە بۆ ئەوەی هێرشبەرە لاوەکەی هەولێر بباتە ریزەکانی.