شاندێکی باڵای ئەنەکەسە گەیشتە دیمەشق

شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا "ئەنەکەسە" بە سەرۆکایەتی محەممەد ئیسماعیل سەرۆکی ئەنەکەسە گەیشتە دیمەشق.

 بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی سووریا و شاندەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026 لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی سووریا گەیشتە پایتەختی ئەو وڵاتە و بڕیارە چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکی سیاسی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدەن

پێشتر سلێمان ئۆسۆ ئەندامی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، نووسینگەی وەزیری دەرەوەی سووریا پەیوەندییان پێوەکردووە و داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە کردووە. 

گوتیشی: ئەنەکەسە بە مەبەستی دەربڕینی بۆچوونە سیاسییەکانی خۆی و داواکارییەکانی گەلی کورد لە دیمەشق، ئەو بانگهێشتنامەیەی قبووڵ کردووە.

سلێمان ئۆسۆ جەختی لە بڕیارەکانی کۆنفرانسی 26ی نیسان سەبارەت بەم سەردانە و هەڵوێستی ئەنەکەسە کردەوە و گوتی: "ئێمە وەک ئەنەکەسە هەمیشە پابەندین بە بڕیارەکانی کۆنفرانسی 26ی نیسانی 2025 و یەکگرتوویی کورد و شاندی هاوبەشی کورد، دەستبەجێ ئامانجمان لەم قۆناغەدا پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانە لە شەڕ.

سولەمان ئۆسۆ لە لێدوانەکانیدا جەختیکردەوە؛ دەیانەوێت کۆبوونەوەیەکی سیاسی گشتگیر لە نێوان شاندی هاوبەشی کورد و حکوومەتی سووریادا بکرێت، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی کورد و قەیرانی سووریا بدۆزرێتەوە.