وەزارەتی دارایی 120 ملیارەکەی ئامادە کردووە و چاوەڕێی بەغدایە
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 120 ملیارەکەی ئامادە کردووە و چاوەڕێی خەرجکردنی مووچە دەکات لە لایەن بەغداوە.
بەپێی بەدواداچوونێکی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 120 ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆی ئامادە کردووە، کە تایبەتە بە پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی مانگانەی هەرێم.
بەگوێرەی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی هەرێم ئێستا تەنیا چاوەڕوانی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەم (یەکە) لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، کە دوای ئەوەی بڕیاری خەرجکردنەکە دەدرێت، لە ماوەی 24 کاتژمێردا 120 ملیارەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.
هەروەها بەپێی رێکارەکانی خەرجکردنی مووچە، کە لەنێوان هەردوو حکوومەتدا پەیڕەو دەکرێت، هەتا وەزارەتی دارایی عێراق خۆی بەفەرمی داوای داهاتی ناوخۆ نەکات، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 120 ملیارەکە ناخاتە سەر هەژماری ئەو وەزارەتە، کە تا ئێستاش بەغدا داوای نەکردووە.
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەوەی مانگانە داهاتی نانەوتی (کە بە نزیکەیی 120 ملیار دینار دیاری کراوە) رادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکات، تاوەکو بەغداش لە بەرانبەردا شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.