قۆناغی دووەمی بەشێک لە موڵکەکانی چاڤیلاند دوای 10 رۆژی دیکە دەخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە

لەسەر داوای وەزارەتی کارەبا؛ بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی سلێمانی موڵکەکانی چاڤی لاند بە بەهای زیاتر لە 81 ملیار دینار دەخاتە مەزادەوە

بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی، لەسەر داوای یاسایی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری فرۆشتنی 13 موڵکی ستراتیژیی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاندی لە ڕێگەی زیادکردنی ئاشکراوە دەرکرد. 

ئەم هەنگاوە یاساییە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی کەڵەکەبووی وەزارەتی کارەبا لەسەر کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری دێت، کە بڕەکەی زیاتر لە 3 ملیار و 580 ملیۆن دینارە.

بەپێی ناوەڕۆکی ئاگادارییە یاساییەکە، ئەو موڵکانەی خراونەتە مەزادەوە دەکەونە ناوچەی مەلکەندی و دەباشان لە شاری سلێمانی و بە تێکڕا بە 81,436,287,500 دینار (زیاتر لە 81 ملیار دینار) خەمڵێنراون، موڵکەکان پێکهاتوون لە چەندین بەشی جیاواز و گرنگی پڕۆژەکە، لەوانە یارییە سەرەکییەکان (سیکەلمەوت، چەرخەفەلەک)، هۆڵە داخراوەکان، کوشک و کافتریای جۆراوجۆر، گەراجی ئۆتۆمبێل، هۆتێلی 11 نهۆمی و چەندین پارچە زەوی کە بۆ مەبەستی گەشتیاری و خزمەتگوزاری تەرخان کراون.

گەورەترین موڵک کە خراوەتە مەزادەوە (موڵکی ژمارە 139/188)، بە تەنیا بە بڕی 32,457,000,000 دینار خەمڵێنراوە و پانتاییەکەی زیاتر لە 64 هەزار مەتر دووجایە.

 هەروەها پڕۆژەکە چەندین بەشی تری وەک تەلەفریک، یارییە ئەلیکترۆنییەکان و باخچەی فراوان لەخۆ دەگرێت، کە سەرجەمیان وەک بارمتەی یاسایی بەرانبەر بە قەرزەکانی وەزارەتی کارەبا لەلایەن دادگاوە دەستیان بەسەردا گیراوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی فرۆشتنیانەوە قەرزە حکومییەکان بگەڕێندرێنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە،  هەر کەسێک ئارەزووی بەشداریکردنی لەم زیادکردنە ئاشکرایەدا هەیە، دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا لە دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ئاگادارییە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکات و بڕی 10%ـی نرخی خەمڵێنراوی موڵکەکان وەک بارمتەی یاسایی دابنێت.

 پڕۆسەی زیادکردنەکە لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ڕۆژی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت و کڕیار بەرپرسیار دەبێت لە دانی ڕەسمی تۆمارکردن و تێچووەکانی جاڕدان.