هاوردەکردنی تەماتە قەدەغە کرا

تەماتە
تەماتە

بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئاگادارییەکی ئاراستەی سەرجەم بازرگانان، کۆمپانیاکان و هاوردەکاران کرد و ڕایگەیاند: لەسەر بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ، هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بە تەواوی قەدەغە دەکرێت.

 ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکە بۆ رێکخستنەوەی بازاڕ و پاراستنی هاوسەنگیی نێوان بەرهەمی ناوخۆیی و هاوردە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەروازەی حاجی ئۆمەران، بڕیارەکە لە رۆژی هەینی 6ـی شوباتی 2026ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت. 

داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە کە پابەندی ئەم رێنماییە نوێیە بن و لەو وادەیەوە هیچ بڕە تەماتەیەک لە دەروازە سنوورییەکانەوە رێگەی پێ نادرێت بێتە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە، تاوەکو ئەو کاتەی وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیارێکی تر لەو بارەیەوە دەردەکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە لە چوارچێوەی رۆژژمێری کشتوکاڵیدا، زنجیرەیەک بڕیار بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە دەردەکات کە لە ناوخۆدا بە رێژەیەکی پێویست بەرهەم دەهێنرێن،ئامانجی سەرەکیی ئەم رێکارانە پاڵپشتیکردنی جووتیارانی کوردستان و پاراستنی نرخی بەرهەمی خۆماڵییە لە بازاڕەکاندا، تاوەکو رێگری لە زیانی دارایی جووتیاران بکرێت و کەرتی کشتوکاڵ وەک یەکێک لە پایە گرنگەکانی ئابووریی نیشتمانی گەشەسەندنی زیاتر بەخۆوە ببینێت، قەدەغەکردنی تەماتە لەم کاتەدا ئاماژەیە بۆ هەبوونی بڕی پێویستی ئەم بەرهەمە لە کێڵگە و خانووە پلاستیکییەکانی هەرێمدا.