پەینێکی نوێی کشتوکاڵی داهێنراوە لەگەڵ خاک و بەرهەم خۆی دەگونجێنێت
زانایانی زانکۆی "ئۆگاریۆڤ" لە کۆماری مۆردۆڤیای رووسیا، گەشەیان بە پەینێکی نوێداوە کە توانای گونجانی لەگەڵ بارودۆخە جیاجیاکاندا هەیە، وەکو جۆری خاک و جۆری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی ئۆگاریۆڤ بڵاویکردووەتەوە: "زانایان داهێنانێکیان لە گەشەپێدانی پەینێک کردووە، کە تێیدا ماددە خۆراکییەکان لە ماوەیەکی کاتی و دیاریکراودا دەردەدات. ئەم تەکنەلۆژیایە کار دەکات بۆ گونجاندنی پێکهاتەکە لەگەڵ بارودۆخی دیاریکراو، بۆ نموونە لەگەڵ جۆری خاک یان جۆری بەرهەمە کشتوکاڵیییەکان."
خێرایی دەردانی پێکهاتە خۆراکییەکان بەگوێرەی بارودۆخی ژینگەی دەرەوە دیاری دەکرێت، لە کاتێکدا پەینەکە بۆ ماوەیەکی درێژ بە چالاکی دەمێنێتەوە، ئەمەش ئاستی نموونەیی بۆ خۆراکی رووەکەکە دەپارێزێت. ئەم بنەمایە وا دەکات پێویست بە بەکارهێنانەوەی چەندبارەی پەین نەکات و پارێزگاری لە خۆراکی جێگیری رووەکەکان دەکات، کە ئەمەش گرنگییەکی تایبەتی بۆ ئەو ناوچانە هەیە کە بارودۆخی کەشوهەوایان ناجێگیرە یان پیتیی خاکەکەیان کەمە.
دمیتری گلوشکۆ، سەرۆکی زانکۆی حکوومیی مۆردۆڤیا دەڵێت "گەشەپێدانی ئەم جۆرە پەینە دەکرێت ببێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ وڵات. هەروەها ئامانجی سەرەکی پرۆژەکە کەمکردنەوەی بڕی ماددە کیمیاییە کشتوکاڵییەکان، کەمکردنەوەی فشارە ژینگەییەکان و زیادکردنی بەرهەمە."
ئێستا پرۆژەکە لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە و تاقیکردنەوەی مەیدانی بۆ دەکرێت، لەسەر بنەمای ئەنجامی توێژینەوەکانیش، پێکهاتەی پەینەکە باشتر دەکرێت و گەشەی پێدەدرێت.
لودمیلا کلی مایڤا، یاریدەدەری توێژەری زانستی لە تاقیگەی "هاندەرە کارەباییە بێ کانزاکان بۆ وزەی هایدرۆجین" لە زانکۆی حکوومیی مۆردۆڤیا گوتی: "تاقیکردنەوەی تاقیگەییمان ئەنجامداوە، ئێستا ئەرکی ئێمە تاقیکردنەوەی نموونەکانە لەسەر زەوی. بەپشتبەستن بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، میتۆدی دروستکردنەکەی گەشە پێدەدەین و ئەگەر پێویستیش بکات رێژەی پێکهاتەکان دەگۆڕین."
کۆمپانیای "تالینا" کە گەورەترین کۆمپانیای کشتوکاڵییە لە رووسیا، دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەوەی رۆڵی بەکاربەری سەرەکیی ئەم پەینە نوێیە ببینێت.