بە بەشداریی مەسرور بارزانی لووتکەی جیهانی حکوومەتەکان لە دوبەی دەستیپێکرد
بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی شوباتی 2026، لووتکەی جیهانی حکوومەتەکان لە دوبەی دەستیپێکرد.
لوتکەی ئەمساڵ تاوەکو 5ـی مانگ بەردەوام دەبێت. تێیدا زیاتر لە 6000 کەسایەتی لە زیاتر لە 150 وڵاتەوە بەشدارن، کە زیاتر لە 35 سەرۆک و سەرۆکی حکوومەت و زیاتر لە 500 وەزیریان تێدایە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پێنجەم ساڵە لەسەریەک بەشداری لەم لوتکەیەدا دەکات، کە ئەمەش نیشانەی گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
بڕیارە سەرۆکوەزیران لە دووەم رۆژی لوتکەکەدا، کە دەکاتە 4ـی شوبات، گوتارێک پێشکەش بکات. لە گوتارەکەیدا، دیدگای خۆی سەبارەت بە داهاتووی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و ئەو ئەزموونانەی کە حکوومەتی هەرێم لە بواری بەرەوپێشبردنی ئابووریدا بەدەستیهێناوە، دەخاتەڕوو. هەروەها، لە پەراوێزی لوتکەکەدا، چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات و سەرکردەی وڵاتانی بەشداربوودا دەبێت.
لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لەژێر دروشمی "داڕشتنی حکوومەتەکانی داهاتوو" بەڕێوەدەچێت و چەندین تەوەری گرنگ لەخۆدەگرێت، وەک: حووکمڕانیی جیهانی و سەرکردایەتیی کاریگەر، خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی توانا، گەشەپێدانی ئابووری و دەرفەتەکان، داهاتووی شارەکان و گۆڕانکاریی دیموگرافی.
جگە لە کەسایەتییە سیاسییەکان، زیاتر لە 80 رێکخراوی نێودەوڵەتی و شارەزای بوارە جیاجیاکان بەشدارن. لە ماوەی سێ رۆژی لوتکەکەدا، زیاتر لە 200 پانێڵ و کۆبوونەوەی تایبەتمەند ئەنجام دەدرێن و 15 راپۆرتی ستراتیژیش دەخرێنەڕوو، کە ئامانج لێیان شیکردنەوەی ئاڵنگارییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری داهێنەرانەیە بۆ کێشە جیهانییەکان.