پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبن

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژە بەوە دەکات، شاندێکی فراوانی وەزارەتی بازرگانی ئەڵمانیا و نوێنەری چەندین کۆمپانیای ئەڵمانیا گەیشتنە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: شاندێکی فراوانی وەزارەتی بازرگانی ئەڵمانی و نوێنەری چەندین کۆمپانیای ئەڵمانیا گەیشتنە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن ڕاوێژکارو ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرەکان و کونسوڵی گشتی ئەڵمانیاو شاندێکی کونسوڵگەری پێشوازیان لێکرا. 

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوە داوە، لە میانەی سەردانەکە، شاندی بازرگانی ئەڵمانیا چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاو بازرگانان دەبێت.

هەروەها جەخت لەوە کراوە، هاتنی ئەم شاندە بازرگانیە ئەڵمانیە هەنگاوێکی دیکەیە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە.