کۆشکی سپی خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئێرانی راگەیاند
کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بە شێوەیەکی پێویست و گونجاو وەڵامی هەڕەشەیەکی ئاسمانی ئێرانی داوەتەوە و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەو وڵاتەی لە دەریای عەرەب خستووەتە خوارەوە، ئەمەش دوای ئەوەی فڕۆکەکە هەوڵی نزیکبوونەوەی لە کەشتییەکی جەنگیی سەرەکی ئەمریکا دابوو.
سێشەممە 3ـی شوباتی 2026، کارۆلاین لیڤت، سکرتێری رۆژنامەوانیت کۆشکی سپی، لە لێدوانێکی بۆ فۆکس نیووز رایگەیاند، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڕیاری پێویست و گونجاوی داوە بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، بە مەبەستی پاراستنی گیانی کارمەندانی ئەمریکی و کەلوپەلە سەربازییەکانیان لە ناوچەکەدا.
لیڤت ئاماژەی بەوە کرد: ئەم فڕۆکەیە بێ سەرنشین بووە و بە شێوەیەکی هەڕەشەئامێز بەرەو کەشتیی ئەبراهام لینکۆڵن هاتووە، کە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا جێگیر کراوە.
سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی جەختی لەوەش کردەوە، ترەمپ هەمیشە لەپێشینەدا دیپلۆماسی هەڵدەبژێرێت، بەڵام هەموو بژاردەکانی تریش لەسەر مێزن. ئەو وەک هۆشدارییەک بۆ تاران ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی (Midnight Hammer) کرد، کە ساڵی رابردوو تواناکانی ئەتۆمی ئێرانی بە تەواوی پەکخست.
ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، ستیڤن ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ئەنجام بدات، بەڵام واشنتن دەڵێت هێزی سەربازی هەمیشە وەک بژاردەیەک دەمێنێتەوە ئەگەر ئاسایشی ئەمریکا بکەوێتە مەترسییەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند: فڕۆکەیەکی جەنگیی پێشکەوتووی وڵاتەکەیان درۆنێکی ئێرانیی لە دەریای عەرەب خستووەتە خوارەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو درۆنە ئێرانییە لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن نزیک ببووەوە، ئەمەش وای کردووە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا دەستبەجێ کاردانەوەیان هەبێت و هەڕەشەکە لەناو ببەن.