ئاسایشی سلێمانی تۆمەتبارانی رووداوەکەی گەڕەکی راپەڕین دەستگیر دەکات
ئاسایشی سلێمانی لە ئۆپەراسیۆنێکدا، توانی بکەرانی تاوانی دزینی پارە لە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی دەستگیر بکات.
سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، ئاسایشی سلێمانی، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگاکە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد، توانیویانە لە ماوەی کەمتر لە 20 کاتژمێر، بکەری سەرەکیی تاوانی هەڵکوتانە سەر نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە گەڕەکی ڕاپەڕین دەستگیر بکەن.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، جگە لە دەستگیرکردنی تۆمەتباران، دەست بەسەر بڕە پارە دزراوەکەدا گیراوە و بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێندرێتەوە، هەروەها دەست بەسەر ئەو چەکەشدا گیراوە کە لەلایەن تۆمەتبارانەوە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە بەکار هێنرابوو.
ئێستا هەردوو تۆمەتبار بەپێی ماددەی (443) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە، لێکۆڵینەوەش لە دۆسیەکەیان بەردەوامە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست.