سەیفولئیسلام قەزافی لە نێو ماڵەکەی خۆیدا کوژرا
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی قەزافی، کوژرانی سەیفولئیسلام قەزافی، کوڕی سەرۆکی پێشووی لیبیای لە نزیک شاری زینتان لە رۆژئاوای وڵات پشتڕاست کردەوە.
سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، میدیاکانی لیبیا بڵاویان کردەوە، سەیفولئیسلام، کوڕی قەزافی، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە لە باخچەی ماڵەکەیدا لە نزیک شاری زینتان کوژرا.
تیمی سیاسیی سەیفولئیسلام لە راگەیەنراوێکدا ماتەمینیی خۆیان راگەیاند و وردەکاریی زیاتریان ئاشکرا کرد. بەپێی سەرچاوەکانی ئەو تیمە: "سەرەتا ژمارەیەک چەکدار، هەستان بە لەکارخستنی سیستەمی کامێراکانی چاودێری لە شوێنی مانەوەی سەیفولئیسلام."
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ناوبراو کاتژمێر 2:30ـی پاشنیوەڕۆ لە ئەنجامی پێکدادان لەگەڵ چەکدارەکان کوژراوە و دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، بکەرانی کردەوەکە خێرا هەڵاتوون، ئێستا ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی تەرمەکەی دەکرێت.
لای خۆیەوە عەبدوڵڵا عوسمان، راوێژکاری سیاسیی سەیفولئیسلام، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر یان لایەنی ئەنجامدەر ئاشکرا بکات.
تا ئێستا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە لەبارەی ناسنامەی ئەو گرووپە نییە کە هێرشەکەیان ئەنجام داوە.
لای خۆیەوە، لیوای 444ـی سەربازیی سەر بە حکوومەتی یەکێتیی نیشتمانی (هێزەکانی دەبیبە)، هەرچەشنە پەیوەندییەکیان بە تیرۆرکردنی سەیفولئیسلامەوە رەت کردەوە.
لیواکە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: "هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆمان بەو پێکدادانانەوە نییە کە لە شاری زینتان روویان داوە و هیچ هێزێکی ئێمە لەناو ئەو شارە یان دەوروبەری بڵاوەیان پێ نەکراوە."
ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە هات کە هەندێک لە میدیا لیبییەکان بڵاویان کردەوە کە سەیفولئیسلام لە میانەی پێکدادانی نێوان دوو گرووپی چەکدار لە ناوچەی حەمادە کوژراوە، کاتێک گرووپێکیان هەوڵی دەستگیرکردنیان داوە.
سەیفولئیسلام قەزافی، لەدایکبووی 5ـی حوزەیرانی 1972ـە، کوڕی موعەممەر قەزافی، کەسایەتییەکی دیاری نێو رژێمی پێشووی لیبیا بوو. هەرچەندە پۆستی فەرمیی حکوومیی نەبوو، بەڵام رۆڵێکی کاریگەری لە دۆسیە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا هەبوو.
ناوبراو دوای رووداوەکانی 2011 دەستگیر کرا و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام ساڵی 2015 دادگای باڵای لیبیا بڕیاری دووبارە دادگاییکردنەوەی دا و سزاکەی هەڵوەشاندەوە. دواجار لە حوزەیرانی 2017 لە شاری زینتان ئازاد کرا.