ئیسپانیا و پۆرتوگال بەهۆی زریانی لیۆناردۆ باری نائاساییان راگەیاند

بەهۆی نزیکبوونەوەی زریانی بەهێزی "لیۆناردۆ"، وڵاتانی ئیسپانیا و پۆرتوگال ئاستی هۆشدارییەکانیان بۆ بەرزترین پلە بەرزکردەوە و حکوومەتی ئیسپانیاش بڕیاریدا لە چەند ناوچەیەکی باشووری وڵاتەکە پرۆسەی خوێندن رابگرێت.

دەزگای کەشناسی ئیسپانیا (AEMET) زەنگی ئاگادارکردنەوەی سوور لە ناوچەکانی رۆندا و گرازالێما لە باشووری ئەندەلوس راگەیاند. دەزگاکە هۆشداریی دەدات لە روودانی مەترسی و دروستبوونی لافاو و زەوی لەرزین بەهۆی زریانی لیۆناردۆوە.

لەم چوارچێوەیەدا، خوانما مۆرێنۆ، پارێزگاری ئەندەلوس، داوای لە هاووڵاتیان کردووە بەوپەڕی وریایی و بەرپرسیارییەتییەوە مامەڵە بکەن. وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی، بڕیاردرا سەرجەم قوتابخانەکانی ناوچەی ئەندەلوس دابخرێن، جگە لە پارێزگای ئەلمێریا کە دەکەوێتە دووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەکە.

لە لایەکی دیکەوە، دەزگای کەشناسی پۆرتوگال (IPMA) زەنگی ئاگادار کردنەوەی پرتەقاڵی بە درێژایی تەواوی کەناراوەکانی وڵات بڵاوکردەوە. پێشبینی دەکرێت زریانی لیۆناردۆ تا رۆژی شەممە بارانێکی زۆر، بای بەهێز و بەفرێکی زۆر لە ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی پۆرتوگال ببارێت.

پۆرتوگال هێشتا بەدەست ئاسەوارە وێرانکارییەکانی زریانی کریستینەوە گرفتارە، کە هەفتەی رابردوو بووە هۆی گیانلەدەستدانی 5 کەس و برینداربوونی نزیکەی 400 کەسی دیکە. حکوومەتی پۆرتوگال بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیانەکان، پلانێکی ئاوەدانکردنەوەی بە گوژمەی 2.5 ملیار یۆرۆ 3 ملیار دۆلار پەسەند کردووە.

ئەم بارودۆخە نائاساییە تەنیا چەند مانگێک دوای کارەساتی لافاوەکەی مانگی تشرینی یەکەمی 2024ـی ئیسپانیا دێت، کە تێیدا زیاتر لە 230 کەس گیانیان لەدەستدا.

زانایان جەخت دەکەنەوە کە گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی چالاکییە مرۆییەکانەوە، بووەتە هۆی زیادبوونی توندی و دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە زریان و دیاردە سروشتییە توندانە، کە ساڵانە زیانی مرۆیی و دارایی گەورە بە وڵاتانی ئەوروپا دەگەیەنن.