شاندێکی دەم پارتی و ئەحمەد داودئۆغڵو پرسی رۆژئاوا و پرۆسەی ئاشتییان تاوتوێ کرد
هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ تاوتوێکردنی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و پرۆسەی ئاشتی، سەردانی پارتی ئایندەیان کرد و لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو کۆبوونەوە و جەختیان لەوە کردەوە، هەنگاوە دیموکراسییەکانی ناو تورکیا کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەبێت.
شاندی دەم پارتی کە لە هەریەک لە تونجەر باکرهان و تولای هاتیمۆغۆڵاری، هاوسەرۆکانی دەم پارتی و سیزای تەمەللی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە پێکهاتبوون، لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە کۆبوونەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا، ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کۆبانێ لە رێگەی دەروازەی موورشیدپنار و پرۆسەی ئاشتی لە ناوخۆی تورکیا. هەردوولا جەختیان کردەوە کە پێویستە حکوومەتی تورکیا بێ ئەوەی چاوەڕێی پێشهاتەکانی سووریا بکات، هەنگاوی یاسایی بۆ ئاشتیی ناوخۆیی بنێت.
تولای هاتیمۆغۆڵاری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی رایگەیاند:"رێککەوتنی 30ی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و دیمەشق هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکگرتنی دیموکراسی لە سووریا. بۆ سەرکەوتنی ئەم رێککەوتنە، پێویستە تورکیا رۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت و دەروازەی موورشیدپنار بە رووی کۆبانێدا بکاتەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان. پێویستە دەسەڵاتداران بێ دواکەوتن و بێ ئەوەی چاوەڕێی پێشهاتە دەرەکییەکان بن، راپۆرتی هاوبەش ئامادە بکەن و هەنگاوی یاسایی بنێن. هەروەها پێویستە کۆمیسیۆنی ئاشتی نەخشەرێگای خۆی بە سەربەخۆیی و بە جیا لە پێشهاتەکانی سووریا دیاری بکات."
لای خۆیەوە ئەحمەد داودئۆغڵو داوای لە رووناکبیرانی تورکیا کرد بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکانی سووریا بکەن؛ هاوکات ئەو لێکتێگەیشتنەی وەک "رێککەوتنی سوورییەکان" ناساند و ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی سووریا دەکرێن، دەبێت تورکیاش دەروازەکانی بکاتەوە.
مستەفا بیلیجی پەرلەمانتاری پارتی ئایندە گوتی "سووریا دوای 14 ساڵ لە شەڕ، ئاوارەیی و هەژاری، ئێستا هیوایەک بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی دروست بووە. شاندی دەم پارتی بەو رۆژەڤە سەردانی ئێمەیان کرد و داوای کردنەوەی دەروازەکانی نسێبین و موورشیدپناریان کرد بۆ تێپەڕبوونی هاوکارییە مرۆییەکان. هیوای ئێمە ئەوەیە هەموو گەلان لە سووریا و بە تایبەت کورد، بە مافە دەستوورییەکانی خۆیان بگەن. هەروەها بەو پێیەی هەنگاوە دیموکراسییەکانی تورکیا کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر کوردانی عێراق و سووریا هەیە، دەبێت ئەم پرۆسەیە بە خێرایی و بە وهۆشیارییەوە بەرەو پێش ببەین."
شاندی دەم پارتی، دوای هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر رۆژئاوای کوردستان، زنجیرەیەک سەردانی بۆ لای پارتە سیاسییەکان دەستپێکردووە. لەو چوارچێوەیەشدا پێشتر سەردانی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی وەک جەهەپە، دەڤا و پارتی سەعادەتیان کردبوو بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە.