روونکردنەوەی پۆلیسی راپەڕین لەبارەی کەیسی سلێمان هەڵشۆیی

روونکردنەوەی پۆلیسی راپەڕین لەبارەی کەیسی سلێمان هەڵشۆیی
سلێمان هەڵشۆیی، وێنەکە لە فەیسبووکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وەرگیراوە
سلێمان هەڵشۆیی، وێنەکە لە فەیسبووکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وەرگیراوە

K24 - هەولێر

پۆلیسی راپەرین ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کەیسی سلێمان هەڵشۆیی ئاشکرای کرد، تائێستا زیاتر لە 50 کەس سکاڵایان لەدژی تۆمار کردووە و، زیاتر لە 500ـی دیکەش ناویان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی سکاڵای لەدژی تۆمار بکەن.

سلێمان هەڵشۆیی، بازرگانێکی ناسراوی پشدەر، دوای راگەیاندنی مایەپووچبوونی و دەستگیرکردنی لەلایەن ئاسایش و دواتر رادەستکردنی بە پۆلیس، بووەتە سەرچاوەی باس و خواسی شەقامی هەرێمی کوردستان، ئەو کەسانەی پارەیان لەلایەتی، ئێستا چاوەڕوانن روونکردنەوە لەبارەی کەیسەکەی بدرێت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە رانیە، رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین چەند زانیارییەکی لەبارەی کەیسەکەی سلێمان هەڵشۆیی ئاشکرا کرد و، رایگەیاند "لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەرین دەست بە لێکۆڵینەوە کرا و 20 کەس بەهۆی ئەو رووداوە دەستگیرکراون کە لەلایەن پۆلیس و دادگاوە لیکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".

گوتەبێژەکەی پۆلیسی راپەرین دەڵێ "زیاتر لە 50 هاووڵاتی سکاڵایان (لەدژی سلێمان هەڵشۆیی) تۆمارکردووە و زیاتر لە 500ـی دیکەش ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی سکاڵا تۆمار بکەن".

کەیسی سلێمان هەڵشۆیی بووەتە بابەتی سەرەکیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستانی و چەندین هەواڵی جیاجیا لەسەری بڵاودەبنەوە، پۆلیسیش باس لەوە دەکات "دڵنەوایی هاووڵاتییان دەدەین؛ هەر هەواڵێک بە فەرمی لەلایەن پۆلیسی راپەڕین بڵاونەبێتەوە، دوورن لە راستییەوە"، هەروەها دەڵێ "هیچ بڕە پارەیەک دەستی بەسەردا نەگیراوە، کە هی سلێمان هەڵشۆیی بێت.

ئۆتۆمبێل، خانوو، زێڕ و تاوەکو دەگاتە مەڕوماڵات و دەمانچە، واتا هەرشتێک پارە بکات سلێمان هەڵشۆیی بە ماوەی دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ لە هاووڵاتییانی وەرگرتووە، بە نیوەخێر و تاوەکو یەک لەسەر سێی خێر (واتا ئەگەر بۆ نموونە ئۆتۆمبێلێک بە 15 هەزار دۆلار بووبێت بە نرخی بازاڕ، ئەو بە 23 هەزار دۆلار وەریگرتووە بەو مەرجەی بۆ نموونە دوای دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ پارەکەی بدات".

ئەو بازرگانە هەرچی کڕیویەتی دەستبەجێ بە بڕێکی کەمتر لە نرخی بازاڕ فرۆشتووییەتییەوە و بە پارەکەی دەستیکەوتووە، کاری دراوی ئەلیکترۆنی کردووە، دەگوترێت تەنانەت یەک لەسەر سێی ئەو ماڵپەڕەی کڕیوە کە پارەکەی کردووەتە ئەلیکترۆنی و لێی داناوە.

سەبارەت بە گوژمەی قەرزەکانی هاووڵاتییان لای سلێمان هەڵشۆیی، رائید شۆڕش گوتی "زووە باسی گوژمەی پارەکە بکەین، چونکە جارێ لە لێکۆڵینەوەداین، کە گەیشتینە راستییەکە روونکردنەوە دەدەین".

لە کۆتایی گوتەکانیدا رائید شۆڕش بە کوردستان24ـی راگەیاند "دۆزینەوەی 10 ملیۆن دۆلار لای یەکێک لە هاوبەشەکانی سلێمان هەڵشۆیی دوورە لە راستییەوە" و، داوای لە هاووڵاتییان کرد "ئەوانەی پارەیان بەو پیاوە داوە، بێن لە بنکەکانی پۆلیس سکاڵای خۆیان تۆماربکەن".

بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە کامەران حاجی عومەر پێشکەشی دەکات شەوی رابردوو لەبارەی سلێمان هەڵشۆیی بوو، کە تێیدا برایەکی ئەو بازرگانە و بەشێک لەوانەی مامەڵەیان لەگەڵیدا کردووە، قسەدەکەن.


هـ.ر.