کەمال محەممەد: زیاتر لە 1.2 ملیۆن هاوبەش کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە

رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە درێژکراوەتەوە. هاوکات زیاتر لە 1.2 ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەندن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 04ـی شوباتی 2026، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت)، لەبارەی درێژکردنەوەی رێککەوتنی سێقۆڵیی هەناردەکردنەوەی نەوت و فراوانبوونی پرۆژەی "رووناکی"، لێدوانی تایبەتی بۆ هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 دا. 

 

نەوت؛ درێژکردنەوەی رێککەوتن و چاوەڕوانیی بودجە

سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، کەمال محەممەد ساڵح، رایگەیاند، ئەو رێککەوتننەیەی بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 واژۆ کرابوو، بەهۆی پەسەندنەکردنی بودجەی نوێ لە عێراق، بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە درێژکراوەتەوە. گوتیشی: "رێککەوتنەکە تا 31ی ئاداری 2026 کاری پێدەکرێت."

وەزیرەکە دڵنیایی دا، ئەم درێژکردنەوەیە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە نایەت و پرۆسەی هەناردەکردن بەردەوام دەبێت، بەڵام چارەنووسی کۆتایی پەیوەستە بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و پەسەندکردنی یاسای بودجە.

وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە دا، رۆژانە نزیکەی 200 بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێت، کە 50 هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستیی ناوخۆیی تەرخان دەکرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە، لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ـوە هەناردە دەکرێت.

هەروەها باسی لە گرێبەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەگەڵ کۆمپانیای "Wood Mackenzie"ی بەریتانی، کە کۆمپانیایەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتییە. ئەرکی ئەم کۆمپانیایە هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمە، کە بڕیارە لە ماوەی 90 رۆژدا راپۆرتی خۆی تەواو بکات.

 

کارەبا: پلانی دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ هەمووان

کەمال محەمەد ساڵح ئاشکرای کرد، ژمارەی گشتیی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە ملیۆنێک و 963 هەزار هاوبەش، کە لەم ژمارەیە ملیۆنێک و 200 هەزار هاوبەش کارەبای 24 کاتژمێرییان پێدەگات. ئەو هاوبەشانەی کە سوودمەندن، کەرتی ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی و کشتوکاڵی لەخۆدەگرن.

وەزیر روونیکردەوە، ئێستا نزیکەی 75%ـی هاوبەشەکان کارەبای بەردەوامیان هەیە و گوتی: "پلانی وەزارەت ئەوەیە کە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو رێژەیەی کە ماوەتەوە، کە 25%ـە، بە تەواوی پڕ بکاتەوە و کارەبای بەردەوام بۆ هەمووان دابین بکات."

سەبارەت بە رۆڵی کۆمپانیا بیانییەکان، وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمپانیا گەورەکانی ئەڵمانیا وەک "ABB" و "Siemens" رۆڵێکی گرنگیان لە کەرتی کارەبای هەرێمدا هەیە. 

جەختی لەوەش کردەوە، زیاتر لە 4,000 مێگاوات لەو کارەبایەی کە بەرهەم دێت، لە رێگەی ئەو وێستگانەوەیە کە بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئەڵمانی کار دەکەن.